سوپەرلیگ؛ چۆن ئەو پرۆژەی بەڵێنی گۆڕانکاریی لە تۆپی پێی دەدا مرد؟
تەواوی وردەکارییەکان لەم بابەتەی تۆڕی وەرزشی یاریگا بزانە

یاریگا –
پرۆژەی سوپەرلیگ بە فەرمی کۆتایی هات و بوو بە مێژوو، ئەو پرۆژەیەی وەک شۆڕشێک بۆ گۆڕانکاریی گەورە لەنێو جیهانی تۆپی پێدا سەریهەڵدا، هەموو تەمەنەکەی تەنیا پێنج ساڵ بوو.
سەرکەوتنێکی یاسایی بەڵام شکستێکی کردارەکی
سوپەرلیگ لە رووی یاساییەوە چەندین دۆسیەی لە فیفا و یوێفا بردەوە، دادگای دادی ئەوروپا رەوایەتی بە پڕۆژەکە دا و رایگەیاند کە یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا مافی رێگریکردنی لە پڕۆژەی سوپەرلیگ نییە، ناتوانێت یانەکان بەهۆی رێکخستنی پاڵەوانێتییەکی سەربەخۆ سزا بدات، ئەوە بڕیارێکی گرنگ بوو بەڵام نەیتوانی پرۆژەکە بپارێزێت، بەڵام ئەم سەرکەوتنە یاساییە بەس نەبوو، بەبێ پشتیوانیی سیاسی، دامەزراوەیی و لە سەرووی هەمووشیانەوە رەزامەندیی هاندەران پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە سەرکەوتوو نابێت.

پاشەکشێی یانەکانی نێو پرۆژەکە
سوپەرلیگ لە مانگی 4ـی ساڵی 2021 لەدایک بوو، 12 یانەی گەورە بەشدارییان کرد، ئەوانیش؛ ریال مەدرید، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید، یوڤێنتوس، ئینتەر، ئەیسی میلان، مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، تۆتنهام و چێڵسی بوون، بەڵام یانەکانی پرێمەرلیگ بەهۆی ناڕەزایەتی هاندەران هەر زوو کشانەوە، ئاتلێتیکۆش لەدوای ئەوان پرۆژەکەی رەتکردەوە، دواتر یانەکانی ئیتاڵیا جگە لە یوڤێنتوس پاشەکشەیان لە پڕۆژەکە کرد، ئەمەش پرۆژەکەی بچووک کردەوە و ئەگەرەکانی سەرکەوتنی لاوازکرد، لە ساڵی 2023 یوڤێنتوسیش کشایەوە و تەنیا ریال مەدرید و بارسێلۆنا مانەوە، دواجار بارسێلۆناش مەدریدی بە تەنیا جێهێشت و کشانەوەی خۆی راگەیاند.

شێوازە داخراوەکەی پاڵەوانێتییەکە گەورەترین بەربەست بوو
بیرۆکەی سوپەرلیگ لە سەرەتا بەشداریکردنی 20 یانە بوو، بەڵام 15 یانە ئەندامی هەمیشەیی بن، ئەوەش رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری شەقامی وەرزشی بوویەوە، چونکە یانەکانی تۆپی پێ هەمیشە لەسەر بنەمای شایستەیی و ئاستیانەوە سەرکەوتوون بۆ پاڵەوانێتییەکان، سوپەرلیگ دەبوو ئەم شێوەیەی پاڵەوانێتییەکان بگۆڕێت.

دوایین شێوەی پاڵەوانێتییەکە هاوشێوەی پاڵەوانێتییەکانی یوێفا بوو
دوای رەخنەکان سوپەرلیگ شێوازی خولەکەی گۆڕی و هاوشێوەی یوێفا پاڵەوانێتییەکەی بەسەر چوار خولی جیاوازدا دابەشکرد: خولی ستار (ئەستێرە)، گۆڵد (زێڕ) بلوو (شین) و یونیەن (یەکگرتوویی)، 16 یانە بەشدارییان لە خولی ستار (ئەستێرە) و گۆڵد (زێڕ)ـدا دەکرد، 64 یانەکەی دیکەش دەچوونە خولەکانی بلوو (شین) و یونیەن (یەکگرتوویی)، ئەو شێوازەش بە تەواوەتی لەلایەن فیفا، یۆیفاوە و خولەکانی ئەوروپاوە رەتکرایەوە.

شێوازی پەخشکردنی یارییەکان
یەکێک لە بەڵێنە گەورەکانی پڕۆژەکە پەخشکردنی یارییەکان بوو بێبەرامبەر لە رێگای پلاتفۆڕمی یونیفای، بەڵام ئەو بیرۆکەیە بە ناڕاستەقینە و مەترسیدار لێکدەدرایەوە، چونکە تۆپی پێ بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی پەخشی یارییەکان دەبەستێت و هێشتا تۆپی پێ ئامادە نییە ئەو بیرۆکەیە قبووڵ بکات.



