
یاریگا –
یانەی بارسێلۆنا گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ ژمارەیەک وەبەرهێنەری دوبەی دەکات و ساڵانە داهاتێکی خەیاڵی لێوە بەدەستدەهێنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا لەگەڵ کۆمەڵەگەیەکی نیشتەجێبوون لە دوبەی گەیشتووەتە رێککەوتن کە لۆگۆی یانەکە لە دروستکردنی پرۆژە نیشتەجێبوونەکەدا بەکاردەهێندرێت و بڕیارە بە بەهای زیاتر 12 ملیۆن دۆلار گرێبەستێک واژۆ بکەن.
بەگوێرەی رۆژنامەکە، هێشتا گرێبەستەکە واژۆ نەکراوە و پێویستی بە رەزامەندی بە ئەندامانی یانەکە هەیە بەڵام بلوگرانا پێشوەختە پارەی لە پرۆژەکە وەرگرتووە، ئەگەر گرێبەستەکە بە فەرمی واژۆ بکرێت، لۆگۆی پڕۆژەکە لە خولە ناوخۆییەکاندا لە پشتەوەی درێسی یانەکە دەبێت و جێگای لۆگۆی یونیسێف دەگرێتەوە، بەڵام لە یارییەکانی چامپیۆنزلیگ رێگە بە دانانی لۆگۆی پڕۆژەکە نادرێت، چونکە بەگوێرەی یاساکانی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا پێویستە لۆگۆی دامەزراوەیەکی خێرخوازی لەسەر درێسی یانەکان هەبێت.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ماوەی گرێبەستەکە درێژخایەن دەبێت، چوار تاوەری گەورە دروستدەکرێن؛ لەنێویاندا فرۆشتگای تایبەت بە بارسێلۆنا و مۆزاخانەیەکی نچووک دروستدەکرێن، کۆمەڵگاکە وەک شارێکی بچووکی تایبەت بە یانەکە دەبێت، پێشوەختە بارسا بڕی 6-8 ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، پرۆژەکە یەکێکە لە پڕقازانزترین گرێبەستەکانی بارسێلۆنا، دۆخی دارایی یانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باش دەبوژێنێتەوە و یارمەتیدەر دەبێت لە واژۆکردنی گرێبەستی گەورە لەگەڵ یاریزانان.



