چیکاگۆ فایر لە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا نزیکە
هەمووشتێک بۆ گواستنەوەی دەکات

یاریگا –
چیکاگۆ فایر هەمووشتێک دەکات بۆ گواستنەوەی ئەستێرەکەی بارسێلۆنا و نایەوێت لەدەستی بچێت.
لەوەتەی یەکەم پەیوەندی نێوان یانەکەی خولی ئەمریکی و ئەستێرە پۆڵەندییەکە لە کۆتایی ساڵی رابردوو ئاشکرا بووە، چیکاگۆ لە هەوڵدان بۆ رازیکردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و هاوژینەکەی نەوەستاوە، دەیەوێت قایلیان بکات بەوەی یانەکە وێستگەیەکی نموونەییە بۆ داهاتووی گۆڵکارە پۆڵەندییەکە.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرت، لە چەند کاتژمێری رابردوو وردەکاریی نوێ دەرکەوتوون کە دەڵێن لیڤا نزیک بووەتەوە لە چوونی بۆ خولی ئەمریکی. سەرچاوە نزیکەکان لە چیکاگۆ باس لەوە دەکەن کە یانەکە یەکەم ئۆفەرێکی خۆی پێشکەشی هێرشبەرەکە کردووە.
ئۆفەری یانە ئەمریکییە بۆ ماوەی دوو ساڵە، بە مووچەیەک کە لەگەڵ رۆڵە نوێیەکەی وەکوو یاریزانی سەرەکی دەگونجێت.

سەرچاوەکە ئاماژەشی بەوە کردووە چیکاگۆ بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوە بینیوە لە راکێشانی لیڤاندۆڤسکی. لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئانا’ـی هاوژینی یاریزانەکە سەردانی چیکاگۆی کردووە لە ناوچە جێنشینەکانیش بینراوە. چەند رۆژێک دواتریش هەواڵی کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرانی یانە ئەمریکییەکە و بارسێلۆنا بڵاوبووەوە.
چیکاگۆ چەکێکی دیکەی لەبەردەستە کە دەتوانێت بڕیاری خێزانەکەی لیڤاندۆڤسکی بەلای خۆیدا بشکێنێتەوە، ئەویش بوونی کۆمەڵگەیەکی گەورەی پۆڵەندییە لە ئەمریکا.



