
یاریگا –
رۆیشتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ چەندین کێشەی بۆ یانەی ریال مەدرید دروستکرد، یەکێک لەوانە لێدانی راستەوخۆیە، کە لەدوای کریستیانۆ، ریال مەدرید نەیتوانیوە سوودێکی بەرچاو لە لێدانە راستەوخۆیەکان وەربگرێت.
کرستیانۆ نۆ وەرز بە درێسی یانەی شاهانە یاریی کرد، لەو ماوەیەدا مەدرید تێکڕای رێژەی گۆڵەکانی بە لێدانی راستەوخۆ بۆ هەر وەرزێک 6.1 بوو، بەڵام لە دوای ئەو ئەو رێژەیە بۆ 1.6 دابەزیوە لە هەر وەرزێکدا. رۆناڵدۆ لە مێژووی ریال مەدرید زۆرترین لێدانی راستەوخۆی گۆڵ کردووە بە 33 گۆڵ، تاوەکوو ئێستا یاریزانێکی یانەکە لەو ژمارە گۆڵە نزیک نەبووەتەوە، نزیکترین رکابەری گاریس بەیڵە بە چوار گۆڵ پلەی دووەمی گرتووە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، مێرەنگی ئەم وەرزە 22 لێدانی راستەوخۆی بۆ هەژمارکراوە و تەنیا یەک دانەیان بووەتە گۆڵ، ئەویش گۆڵەکەی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی بوو بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە جامی سوپەری ئیسپانیا، هەروەها بە گشتی لەدوای رۆیشتنی رۆناڵدۆ، ریال مەدرید تەنیا 13 گۆڵی بە لێدانی راستەوخۆ کردووە.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دەکرێت ئاردا گولەر چارەسەری ئەم کێشەیەی یانەکە بێت، بەڵام هێشتا چاوەڕێی ئەوە دەکات ببێتە پیاوی یەکەمی لێدانە راستەوخۆکانی یانەکە.



