
یاریگا –
لە کۆتاییدا یانەی ریال مەدرید داخوازییەکەی ڤاڵڤێردی جێبەجێدەکات و لەدوای چەندین مانگ دەیگەڕێنێتەوە شوێنە دڵخوازەکەی.
ریال مەدرید بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی، بەتایبەت لە هێڵی بەرگری، ڤاڵڤێردی لە هێڵی ناوەندەوە دەهێنایە بەرگری، بە دیاریکراوی باڵی بەرگری، رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، هەرچەندە ناوەڕاستکارە ئۆرۆگواییەکە ئەرکەکەی خۆی لە باڵی بەرگری بە باشی جێبەجێدەکرد، بەڵام چەند جارێک داوای لە یانەکە کردووە لە هێڵی ناوەڕاست یاریی پێبکەن و یانەکەش بڕیاریداوە بیگەڕێنێتەوە ئەو پێگەیەی تێیدا هەست بە ئاسوودەیی دەکات.
دانی کارڤاخاڵ و ترێنت ئالێکساندەر ئاڕنۆڵد لە پێکانەکانیان گەڕاونەتەوە، ئێستا ئالڤارۆ ئاربێلوا دەتوانێت سەرجەم یاریزانەکان لە پێگەی خۆیاندا بەشداریی پێبکات، لە پێشوووتردا جگە لە ڤاڵڤێردی، هەریەک لە کاماڤینگا و چوامینی لە هێڵی بەرگری یارییان پێدەکرا.
رۆژنامە مەدریدییەکە ئەوەشی خستووەتەروو، ئاربێلوا پلانی وایە سەرجەم یاریزانەکان لە پێگەی خۆیاندا یاریی پێبکات و پێیوایە بەم جۆرە پێکهاتەکەی بێ کەموکوڕی دەبێت، بۆیە هاوشانی ڤاڵڤێردی، چوامینی و کاماڤینگا دەگەڕێنێتەوە ناوەڕاست و بە شێوەی ئاسایی سیانەی هێڵی ناوەند پێکدەهێنن.




