
یاریگا –
نەورۆز لە یاریگای دهۆک بەرامبەر موسڵ یاریی دەکات، وەلی کەریم راهێنەری تیپەکە دەڵێت تەنها بۆ سەرکەوتن یاریی دەکەین و ناتوانین ئاستی باش پێشکەش بکەین.
هەینی ( 6ـی شووباتی 2026 ) لە گەڕی 17ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز کاتژمێر 5:30ـی ئێوارە لە یاریگای دهۆک رووبەڕووی موسڵ دەبێتەوە، تەواوی یاریزانەکانی نەورۆز بۆ یارییەکە ئامادەن تەنها ئۆگنین میریشیچی بەرگریکاری سڕبی نەبێت کە بە هۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو ناتوانێ بەشداری یارییەکە بکات.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی باسی لە ئامادەکاری تیپەکەی کرد و گووتی:
یاریزانەکان ئامادەن بۆ یارییەکە و دەمانەوێت بەردەوام بین لەسەرکەوتن، مووسڵ تیپێکی باشی هەیە و هەوڵدەدەین کەمترین مەترسی لەسەر ئێمە دروست بکەن، پلانی باشمان داناوە بۆ ئەوەی سێ خاڵی ئەم یارییە وەربگرین.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا وەلی کەریم ئاماژەی بە چەند بابەتێکی گرینگ کرد لەسەر یانەکە، راهێنەری سوور پۆشەکانی سلێمانی سەبارەت بە دۆخی تیپەکە زیاتر گووتی:
دۆخی ئێمە جیاوازە، ناتوانین ئاستی باش و سێ خاڵ دەستەبەر بکەین، هەوڵدەدەین تەنها سێ خاڵ بەدەست بهێنین تاوەکو تیپەکە لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بهێڵینەوە، نەورۆز هیچ کەسێک لە پشتی نیە پێچەوانەی تیپەکانی تر، بۆ ئەم وەرزە دەمانەوێ تیپەکە بهێڵینەوە و بۆ وەرزی داهاتوو تیپێکی باشتر دروست بکەین، لەگەڵ کارگێڕی یانەکەش لەسەر ئەم پرسە پێک هاتووین.
نەورۆز 16 خاڵی هەیە لە ریزبەندی 16 دێت و گەڕی داهاتووش لە بەغدا بەرامبەر قوەجەوییە یاریی دەکات، مووسڵ بە 18 خاڵ لە ریزبەندی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



