مانچێستەر یونایتد دەچێتە کێبڕکێی گواستنەوەی بەهرەمەندێکی لاو

یاریگا –
یانەی مانچێستەر یونایتد دەچێتە نێو کێبڕکێی گواستنەوەی محەمەد قادر مێیتێ، هێرشبەری یانەی رێنی فەڕەنسی.
هێرشبەرە 18 ساڵانییەکە ئەم وەرزە ئاستێکی بەرز پێشکەشدەکات، بەوەش سەرنجی یانەکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی فووت مێرکاتۆ، پێشتر هیلال گرێبەستێکی بە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە هێرشبەرە فەڕەنسییەکە کردووە، بەڵام ناوبراو سعوودیە وەک شوێنێکی گونجاو بۆ داهاتووی نابینێت و پێیوایە ناتوانێت پەرە بە تواناکانی بدات. کریستاڵ پاڵاس یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی زۆرترین گرنگی بە هێرشبەرەکە دەدات.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی تیم تۆک، مانچێستەر یونایتد دەیەوێت یاریزانەکە لە دەستی یانەکانی دیکە بڕفێنێت و هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدات.

سەرچاوەکە دەشڵێت، هەنگاوی داهاتووی مان یونایتد بۆ محەمەد، پەیوەیستە بە داهاتووی جۆشوا زیرکزی، کە گومان لەسەر مانەوەی هەیە و بە ئەگەری زۆرەوە بریاری رۆیشتن لە شەیتانە سوورەکان دەدات.
لە کۆتاییدا سەرچاوەکە ئەوەی خستووەتەڕوو، رێن ئارەزووی مانەوەی هێرشبەرەکەی دەکات و دەیەوێت تاوەکو 2028 لە ریزەکانی یانەکەی بیهێڵێتەوە.
محەمەد قادر لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان، 32 یاریی بۆ رێن کردووە، 5 گۆڵی کردووە و 2 ئەسیستی دروستکردووە.



