Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ریال مەدرید و ڤینیسیۆس جونیۆر؛ دوای ساڵێک دوایین پێشهاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی چییە؟

تەواوی چیرۆکەکە لەم راپۆرتە تایبەتەدا بزانە..

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

ڤینیسیۆس جونیۆر تەنیا سێ رۆژ دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاندەران، سێشەممەی رابردوو بەرامبەر مۆناکۆ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و ریال مەدریدی ژیانداوە.

ریال مەدرید 6-1 یارییەکەی بردەوە، ڤینی دوو گۆڵی دروستکرد، گۆڵێکی کرد و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکەی بەدەستهێنا، لە هەمووی گرنگتریش ئەوە بوو هاندەران گۆرانیان بۆ دەگووت و چەپڵەڕێزانیان دەکرد، لەکاتێکدا تەنیا سێ رۆژ پێش ئەو یارییە لە هەمان یاریگا فیکەی ناڕەزایی بۆ لێدەدرا.

ڤینی دوای یارییەکەی گووتی: منیش مرۆڤم، فیکەی هاندەران زۆر دڵتەنگی کردووم، نامەوێت لەو شوێنەی هەست بە زۆرترین ئاسوودەیی دەکەم رووبەڕووی ئەو جۆرە هێرشانە ببمەوە.

دوای یارییەکە کەسە نزیکەکانی جونیۆر قسەیان بۆ تۆڕی ئاتلێتیک کردووە و دڵنیایانداوە، یارییەکەی مۆناکۆ دۆخەکەی بە تەواوی ئاسایی کردووەتەوە و ئێستا هەموو شتێک باشە.

شەممەی رابردوو هاندەرانی ریال مەدرید دوای بەڕێکردنی هەفتەیەکی دراماتیکی و دۆڕاندنی کلاسیکۆی جامی سوپەر و دوورخرانەوەی چابی ئاڵۆنسۆ و دەستنیشانکردنی ئالڤارۆ ئاربێلوا وەکو راهێنەری نوێی یانەکە و دوورخرانەوەی ریال مەدرید لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئالباسێتی، بەڕووی یاریزانان و ستافی یانەکەدا تەقینەوە.

بەدرێژایی یارییەکە هاندەران فیکەی ناڕەزاییان بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، جود بێڵینگهام، کیلیان ئێمباپێ و فێدێریکۆ ڤاڤێردی لێدەدا و داوای دەستلەکارکێشانەوەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکەیان دەکرد.


بەگوێرەی لێدوانەکانی لە رۆژی سێشەممە، روون بوو کە ڤینیسیۆس ئازاری چەشتووە، بەتایبەت کاتێک لە یاریگادا چەند جارێک خۆی و کیلیان ئێمباپێ داوایان لە هاندەران کرد فیکەیان بۆ لێنەدەن، بەڵام سوودی نەبوو. ئەمەش لەکاتێکدایە نێوان یانەکە و جونیۆر بە کاتێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت.

گرێبستەکەی ڤینیسیۆس لە حوزەیرانی 2027 بەسەردەچێت، پاش 12 مانگی دیکە دەتوانێت لەگەڵ یانەیەکی دیکە رێکبکەوێت و بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت.

ڤینی بۆ یەکەمجار لەدوای هاوینی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ لە کەناڵی TNT باسی ئەو بابەتەی کرد و رایگەیاند دەیەوێت بمێنێتەوە.

دمەوێت بۆ ماوەیەکی زۆر لێرە بمێنمەوە، ساڵێک لە گرێبەستەکەم ماوە و زۆر ئارامم، متمانەم بە سەرۆک پێرێز هەیە و ئەویش متمانەی بەمنە، پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەیە و لەکاتی گونجاودا دەگەینە رێککەوتن.

ریال مەدید سەرەڕای ئەوەی ساڵێکی سەختی بەڕێکردووە، دەیەوێت گرێبەستی ڤینیسیۆس نوێبکاتەوە و یاریزانەکەش دەیەوێت بمێنێتەوە، بەڵام لە هاوینی رابردووەوە دانوستانەکان وەستاون و هیچ رێککەوتنێکی فەرمیان نەکردووە.

کەوایە بۆچی دۆخی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی جونیۆر هێندە ئاڵۆز بووە؟ تۆڕی وەرزشی ئاتلێتیک و یاریگا روونیدەکەنەوە.

لە یارییەکەی مۆناکۆ بریکاری کارەکانی ڤینیسیۆس لە بێرنابیۆ ئامادەبوو، ئەوەش وایکرد راستەوخۆ میدیاکانی ئیسپانیا باس لە بەرەوپێشچوونی نوێکردنەوەی گریبەسەتەکەی ڤینی بکەن.

کەسە نزیکەکانی ڤینی ئاشکرایانکردووە، بریکاری کارەکانی یاریزانەکە و خێزانەکەی لە بێرنابیۆ بوون، بەڵام جارێ گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیان نەکراووە، ئەوەشیان ئاشکراکردووە، رۆیشتنی چابی ئاڵۆنسۆ دەرگا بۆ نوێکرانەوەی گرێبەستەکە دەکاتەوە.

لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو ڤینیسیۆس فلۆرێنتینۆ پێرێزی ئاگادارکردەوە نایەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و هەست بە ئاسوودەیی ناکات، ئەمەش دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ چابی ئاڵۆنسۆ لە کلاسیکۆی ئیسپانیادا.

ریال مەدرید لەو یارییدا 2-1 لەپێش بوو، ئاڵۆنسۆ لە خولەکی 72 گۆڕانکاری بە ئەستێرە بەڕازیلییەکە کرد، بەڵام ڤینی تووڕە بوو بەدەم قسەکردنەوە یاریگای جێهێشت و دەیگووت: بۆچی هەمیشە گۆڕانکاری بەمن دەکات؟ من یانەکە جێدەهێڵم، باشترە لێرە بڕۆم.

هەفتەیەک دواتر ڤینیسیۆس لە مەشقەکان و لە بەردەم هەمووان داوای لێبوردنی کرد و دواتر لە پلاتفۆڕمی ئێکس بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای لێبوردنی لە هەمووان کرد، بەڵام ستافەکەی چابی ئاڵۆنسۆ تووشی شۆک بوون کاتێک بینییان ڤینی بە ئەنقەست لە بەیاننامەکە داوای لێبوردنی لە ئاڵۆنسۆ نەکردووە.

تێکچوونی پەیوەندییەکانی ڤینیسیۆس و ئاڵۆنسۆ کێشەکانی ریال مەدریدی قووڵتر کرد، چونکە پێش ئەو رووداوە ئاڵۆنسۆ بەهۆی شێوازی یاریکردنی ناکۆکی لەگەڵ چەند یاریزانێک هەبوو، پەیوەندییەکانیان لە لێواری داڕمان بوو.

دەستپێکی ئاڵۆنسۆ لەگەڵ ریال مەدرید زێڕین بوو، لە 14 یاریی 13 بردنەوەی بەدەستهێنا، لە کلاسیکۆش لە بارسێلۆنای بردەوە و کۆتایی بە زنجیرە شکستەکانی کلاسیکۆ هێنا، بەڵام ئەو بردنەوەیە سەرەتای کۆتاییهاتنی چیرۆکی ئاڵۆنسۆ و ریال مەدرید بوو، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ریال مەدرید لە تشرینی دووەم و کانوونی دووەم، پێرێز راهێنەرە ئیسپانییەکەی دوورخستەوە.

دەستپێکی تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڤینیسیۆس و ئاڵۆنسۆ بۆ جامی جیهانی یانەکان دەگەڕێتەوە کاتێک ئاڵۆنسۆ لە یارییەکەی بەرامبەر پاریس سانجێرمان بەشێوەی سەرەکی یاریی بە ڤینی نەکرد و کەسە نزیکەکانی ئاشکرایانکردووە، ڤینی دەیزانی ئەم وەرزە بۆ ئەو لەگەڵ ئاڵۆنسۆ ئاسان نابێت.

تەنانەت دوای دوورخرانەوەی چابی ئاڵۆنسۆ لە پۆستەکەی، تاوەکو ئێستا ڤینی تاکە یاریزانە ماڵئاوایی لە ئاڵۆنسۆ نەکردووە و ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە پەیوەندییەکانیان لەوپەڕی خراپیدا بووە.

بەڵام دانانی ئالڤارۆ ئاربێلوا لە شوێنی چابی ئاڵۆنسۆ بەتەواوی بارودۆخەکەی گۆڕیووە، ئاربێلوا هەر لە سەرەتاوە پاڵپشتی ڤینی کردووە و لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان بەردەوام ستایشی جونیۆر دەکات و داوا لە یاریزانەکانی دەکات زۆرترین پاس بەو یاریزانە بدەن.

پاڵپشتییە گەورەکەی ئالڤارۆ ئاربێلوا و ئاستە بەرزەکەی ئەم دواییەی ڤینیسیۆس جونیۆر دوو هۆکاری ئەرێنین کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بەرەوپێش دەبەن، بەڵام هێشتا دەکرێت ناکۆکییە داراییەکان بەربەست لەبەردەم نوێکردنەوەکە دروست بکەن.


ریال مەدرید ساڵێک لەمەوبەر و لە 22ـی کانوونی دووەمی 2025 دوای بردنەوەیان لە رێدبووڵ سالسبورگ 5-1 لە گۆڕەپانی مەشقەکانی یانەکە گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی جونیۆریان کردووە.

ڤینیسیۆس بەهۆی بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێست بە پاداشتە داراییەکانەوە مووچەی ساڵانەی گەیشتووەتە 18 ملیۆن یۆرۆ، یانەکەی ئامادەبووە مووچەکەی بۆ بکات بە 20 ملیۆن، بەڵام ڤینی ئەو ئۆفەرەی رەتکردووەتەوە.

هەر ئەوکات ریال مەدرید داوای لە هێرشبەرە بەڕازیلییەکە کردووە، پێشنیازێکی نوێ بکات تاوەکو بگەنە رێککەوتن.

لە مانگی نیسان میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویانکردەوە، گوایە ڤینیسیۆس و ریال مەدرید گەیشتوونەتە رێککەوتن و تەنانەت بەزووترین کات بەفەرمی ریال مەدرید نوێکردنەوەی گرێبەستەکە رادەگەیەنێت، بەڵام هەرزوو کەسە نزیکەکانی ڤینی ئەو دەنگۆیانەیان رەتکردەوە.

دواتر ئاشکرابوو، ڤینیسیۆس داوایکردووە مووچەی ساڵانەی بکرێت بە 30 ملیۆن یۆرۆ، لە پاڵ مووچەکەشدا بڕگەی پاداشتی بۆ زیاد بکرێت، بەڵام ئەو داواکارییە لە چاوەڕوانی ریال مەدرید نەبوو، هەرزوو پێشنیازەکەی رەتکردەوە.

هەر ئەوکات سنوودقی وەبەرهێنانی سعوودیە ویستی سوود لەو دەرفەتە وەربگرێت و ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی ڤینی پێشکەشکرد، بەڵام یاریزانەکە ئۆفەرەکەی رەتکردەوە و ریال مەدریدیش ئامادە نەبوو دەستبەرداری ببێت.

دوای کێشمەکێشمێکی زۆر، ئاماژەکانی سێشەممەی رابردوو ئەرێنی بوون، ئێستا پەیوەندی نێوان هەردوو لایەن بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت و پێدەچێت بەمزووانە جارێکی دیکە لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکە کۆببنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button