خەونی منداڵی؛ کۆڵ پاڵمەر ئامادەیە پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بکات
گەورەترین بۆمبی مێرکاتۆی پرێمەرلیگ..

یاریگا –
کۆڵ پاڵمەر، ئەستێرەی چێڵسی ئامادەیە یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بکات.
رۆژنامەی ئێکسپرێس بڵاویکردووەتەوە، کۆڵ پاڵمەر ئامادەیە بگەڕێتەوە شاری مانچێستەر و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بکات، چونکە پاڵمەر خەڵکی ئەو شارەیە و هاندەری شەیتانە سوورەکانە، حەزدەکات جارێکی دیکە بگەڕێتەوە شارەکەی خۆی و درێسی یانەی خەونەکانی بپۆشێت.
رۆژنامە بەریتانییەکە روونیکردووەتەوە، بەهۆی ناسەقامگیری دۆخی ئێستای چێڵسی، هێرشبەرە ئینگلیزییەکە هەست بە ئاسوودەیی ناکات، ئەگەر چێڵسی بلیتێکی وەرزی داهاتووی چامپیۆنلیگ مسۆگەر نەکات و خواستەکانی پاڵمەر جێبەجێ نەکات، ئەوا ئەو یاریزانە بەجدی بیر لە رۆیشته دەکاتەوە.

بەڵام گواستنەوەی پاڵمەر هەر وا ئاسان نییە، چونکە تاوەکو هاوینی 2033 گرێبەستی لەگەڵ یانە لەندەنییەکە هەیە و بلوزیش نیازی نییە دەستبەرداری ببێت.
هاوکات مانچێستەر یونایتد پێویستە ئۆفەرێک بە بەهای زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ ئامادە بکات و مووچەیەکی زۆریشی بۆ تەرخان بکات.
پاڵمەر لە هاوینی 2023 بە بڕی 47 ملیۆن یۆرۆ لە مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە چێڵسی کردووە، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 110 یاریی بۆ بلوز کردووە 48 گۆڵی کردووە و 29 گۆڵی دروستکردووە.



