
یاریگا –
قەیرانێکی قووڵ بەرۆکی یانەی ریال مەدریدی گرتووە و دوو پڕۆژەی گرنگی یانەکەش کەوتنە نێو قۆناغێکی زۆر هەستیار و لە لێواری شکستدان.
ئاردا گولەر و فرانکۆ ماستانتونۆ، دوو گرنگترین گرێبەستەی یانەی شاهانەن کە چاوەڕێی سەرکەوتن و داهاتوویەکی گەشیان لێ دەکرا، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە ئاستێکی قایلکەر پێشکەشبکەن و ببنە جێی متمانەی یانەکە.
سێرجیۆ لۆپێز، رۆژنامەنووس لە رۆژنامەی ئاس ـی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، نووسیویەتی هەردوو یاریزانەکە نەیانتوانیوە ئەو کاریگەرییە دروستبکەن کە لێیان چاوەڕواندەکرا، بەتایبەت لە یاریی بەرامبەر ئالباسێتی، ئاستی هەردوو یاریزانەکە جێگای نائومێدی بوو.
رۆژنامەنووسەکە یاریی ئالباسێتی وەک نموونە وەرگرتووە و ئاماژەی بەوە داوە کە، گولەر زۆر جار ئاستی باشی پێشکەشکردووە، بەڵام نەیتوانیوە تەواو کۆنتڕۆڵی هێڵی ناوەڕاست بکات، لە یارییەکەی بەرامبەر ئالباسێتی تەنها 65 پاسی دروستی بە هاوڕێکانی داوە کە رێژەی پاسەکانی لەنێو یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی کەمترین بووە و تەنانەت ئاسێنسیۆ، بەرگریکاری یانەکە، بە 76 پاس، رێژەی پاسەکانی گولەری تێپەڕاندووە.
دۆخی ماستانتونۆ جێی نیگەرانی زیاترە، بەتایبەت لەدوای گەڕانەوەی لە پێکانەکەی متمانەبەخۆبوونی لەدەستداوە و هیچ کاریگەرییەکی دروستنەکردووە. یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە یارییەکەی بەرامبەر ئالباسێتی بە شێوەی سەرەکی بەشداریی کرد، بەڵام تەنها یەک شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کرد و تەنها یەک هەوڵی بۆ گۆڵیش هەبوو.
ئاردا گولەر لە ساڵی 2023 لە یانەی فەنەرباخچێی تورکییەوە بە 20 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، لەکۆی 90 بەشداریی یاری، 15 گۆڵی کردووە و 20 گۆڵیشی دروستکردووە.
فرانکۆ ماستانتونۆ لە هاوینی ئەمساڵدا ریزەکانی یانەی ریڤەر پلەیتی ئەرجەنتینی بەجێهێذشت و بە بڕی 63.2 ملیۆن یۆرۆ رووی لە لۆس بلانکۆس کرد، لە 18 یارییدا بەشداریی کردووە، تەنها 2 گۆڵی بۆ یانەکەی کردووە و خاوەنی تەنها ئەسیستێکە.



