Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

یەكەم لێدوانی ئاربێلوا دوای كرانەدەرەوەیان لە جامی شای ئیسپانیا

دۆڕان بەشێكە لە تۆپی پێ

Yariga App

یاریگا –

ئالڤارۆ ئاربێلوا، راهێنەری تیمی یەكەمی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی باس لە كرانە دەرەوەكەیان لە جامی شای ئیسپانیا دەكات.

شەوی رابردوو ئالباسێتێ لە یاریگای خۆیدا میوانداری ریال مەدریدی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لێبردەوە و یانە شاهانەكەیان لە قۆناخی شازدەت جامی شای ئیسپانیا كردە دەرەوە.

ئالباسێتێ كە لە ریزی یانە پلە دووەكانی ئیسپانیا یاریی دەكات لە یەكەم یاریی ئالڤارۆ ئاربێلوا لە ریال مەدریدیان بردەوە.

لە دوای یارییەكە ئالڤارۆ ئاربێلوا گوتی:

لە دۆڕان ناترسم، دۆڕان بەشێكە لە رێگای سەركەوتن، بۆ من ئەم دۆڕانە باشترم دەكات.

كاتی زۆرمان لەبەردەستدایە بۆ خۆ باشتركردن، بەڵام من هەرگیز لە شكست ناترسم، لە ژیانمدا چەندین جار شكستم هێناوە كە زۆر لەم شكستە قورستر بووە، بەتامەزرۆییەوە دەست بە راهێنانەكان دەكەینەوە و خۆمان بۆ یاریی داهاتوو ئامادە دەكەین.

لەم یانەیە تەنانەت یەكسان بوونیش بە دۆڕانێكی كارەسات ناودەبرێت، ئەی ئەم شكستە بە چی دادەنرێت؟ بەتایبەت كاتێک بە یانەیەكی پلە نزمتر دەدۆڕێیت؟ ئەگەر كەسێک تاوانبار بێت ئەوا منم، چونكە من بڕیارم دەربارەی پێكهاتەی سەرەكی داوە.

پێكهاتەیەكی نایابم هەیە، بۆ ئەوان ئاسان نییە هەموو ئەو كارانەی لەماوەی رۆژێكدا داوام لێكردوون بیكەن، هەست بە بەرپرسیارییەتی تەواو دەكەم.

ریال مەدرید رۆژی شەممەی داهاتوو دەگەڕێتەوە یاریگای خۆی و میوانداری لێڤانتێ دەكات.

بابەتی زیاتر

Back to top button