
یاریگا –
دهۆک لە ئەرکێکى قورسدا لە دەرەوەى یاریگاى خۆى رووبەڕووى هەولێر دەبێتەوە، یاریدەدەرى ڕاهێنەریش ئامانجى تیپەکە ئاشکرا دەکات.
هەڵۆکانى چیا بەبێ یاریزان حەسەن عیمادى ناوەراستکار و پاشەنگ عەبدوڵاى هێرشبەر یاریى دەکەن کە بەهۆى پێکانەوە ناتوانن بەشدارى یارییەکە بکەن، یانیک زاکیریش چاوەڕوان دەکرێت جارێکى دیکە لە لیستى یاریزانان بۆ ئەم یارییەش بە بڕیاریى ڕاهێنەر بانگهێشت نەکرێت.
یوسف ئیمامی بەرگریکاریش بە هۆی پەیوەندیکردن بە هەڵبژاردەی ئۆڵێمپی عێڕاقەوە ناتوانێ یاریی بکات، مونتەزر محەمەد دەگەڕێتەوە پێکهاتەى تیپەکە دواى ئەوەى لە یاریى رابردوو بە هۆى وەرگرتنى کارتى سوور دابڕابوو.
حەیدەر نەجم، یاریدەدەرى راهینەرى دهۆک دەربارەى ئامادەکارییان بۆ یارییەکە لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى ڕایگەیاند:
یارییەکە لە ئاستیکى بەرزدا دەبێت چونکە هەموومان تواناى هەولێر و دەستەى راهێنەرانى دەزانین کە ئێستا پێشەنگى خولن، بە هاتنى عەبدولغەنى شەهدیش وەک راهێنەرى دهۆک تیپەکە پێشکەوتنى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە، یاریزانەکان بە پەرۆشەوە بۆ کلاسیکۆ ئامادەن، ئامانجمانە سێ خاڵ وەربگرین و جارێکى دیکە دهۆک ببەینەوە ریزبەندى پێشەوە و لە نێو گەورەکاندا بێت.
دهۆک بە ڕاهێنەرایەتى عەبدولغەنى شەهد لە پینج یارییدا چوار سەرکەوتن و یەکسان بونێکى هەیە، 17 خاڵى کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندى نۆیەمى خولى ئەستیرەکانى عێڕاق دیت، یاریى داهاتووش لە یاریگاى خۆى رووبەڕووى دیالا دەبێتەوە.



