
یاریگا –
هەولێرلە یاریگاى خۆى لە کلاسیکۆى کوردستان رووبەڕووى دهۆک دەبێتەوە و راهێنەرى هەولێریش دەڵێت هیوادارم یارییەکە لە ئاست مێژووى هەردوو یانە بێت.
لە گەڕى 12ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، سێ شەممە ( 13ـى کانوونى دووەمى 2026) کاتژمێر 5:30ـى ئێوارە هەولێر لە یاریگاى فرانسۆ هەریرى لە کلاسیکۆى کوردستان رووبەڕووى دهۆک دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییە هەولێر لە تواناى سێ یاریزانى سەرەکى بێبەش دەبێت، عەلا رەعد و مامادۆ دیاراى فەرەنسى بە هۆى پێکانەوە یارى ناکەن، ئاکۆ حزیرى ناوەڕاستکاریش بە هۆى کەڵەکە بوونى کارتەکانى ناتوانێ بەشدارى یارییەکە بکات.
باسم قاسم، راهێنەرى هەولێر دەربارەى یارییەکە و ئامادەکارى تیپەکەى لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى پێش یارییەکە گووتى:
دهۆک لەم دواییانە گەڕاوەتەوە ئەنجامى باش و پێویستە وریابین، کلاسیکۆى کوردستان چێژى تایبەتى هەیە، ئامانجى ئێمە لەم یارییە پاراستنى پێشەنگایەتیە، باوەر و متمانەى تەواوم بە یاریزانەکان هەیە کە ئەنجامێکى شایستە بەدەست بهێنن، هیوادارم یارییەکە لە ئاست مێژووى هەردوو یانە بێت، دەزانم بەرامبەر تیپێکى باش و رێکخراو یاریى دەکەین، بە هیوام هاندەرێکى زۆر بۆ پاڵپشتى کردنمان لە یاریگا ئامادەبێت.
مستەفا قابیل، ئەستێرە و هێرشبەرى هەولێر دەربارەى یارییەکە و گرینگیەکانى رایگەیاند:
یۆ ئەم یارییە ئامادەکارى زۆر باشمان کردووە و بەڵێن دەدەین ئاستێکى یاش پێشکەش بکەین کە شایستەى پێشەنگى خول بێت، لەسەرجەم یارییەکان پێویستە وەک یاریى کۆتایى مامەڵە بکەین، چاوەڕوانى پاڵپشتى هاندەرانین وەک هەمیشە ژمارە ١٢ بن لە یاریگا.
هەولێر بەبێ شکست و بە 27 خاڵ لە پێشەنگى یانەکانى عێڕاق دێت، دهۆکیش یە 17 خاڵ لە ریزیەندى نۆیەمى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت.



