
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بەدوای داهاتی زیاترەوەیە و ئامادەکاری بۆ هەنگاوێکی گەورەی دارایی دەکات کە رەنگە شێوازی سپۆنسەرکردن لە تۆپی پێدا بگۆڕێت.
ئێستا یانەکە نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەست لەگەڵ سپۆنسەرە سەرەکییەکانی درێسەکەی و دەیەویت لە ساڵی 2026ـدا، بەهای درێسەکەی بۆ هەر وەرزێک بگەیەنێتە 300 ملیۆن یۆرۆ.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی ئاس، گفتووگۆکانی نێوان یانەی شاهانە و ‘ئیماڕایتس’ بەشێوەیەکی باش بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە، کە یەکێکە لە گەورەترین سپۆنسەرەکانی نێو دونیای تۆپی پێ، گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بۆیە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە ئامانجی سەرەکی ریال مەدریدە و یانەکە چاوی لەوەیە نرخی گرێبەستەکەی نێوانیان لە 70 – 80 ملیۆن یۆرۆوە بکاتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ.

هاوکات، لۆس بلانکۆس لەگەڵ کۆمپانیای ‘ئەدیداس’ لە گفتووگۆدایە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی نێوانیان کە بۆ دابینکردنی درێسەکانی یانەکەیە، هەرچەندە گرێبەستەکە تاوەکو ساڵی 2029 درێژەی هەیە بەڵام هەردوولایان ئامادەی گفتووگۆن و دەیانەوێت پێداچوونەوە بە مەرجە داراییەکان بکەن تاوەکو داهاتی یانەکە زیاتر ببێت.
لە لایەکی دیکەوە، یانە سپیپۆشەکە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای HP هەیە و دەیەویت بەردەوامی بە گرێبەستەکەی نێوانیان بدات، بەرپرسانی یانەکە ئامانجیان ئەوەیە درێسی یانەکە بکەنە گرانبەهاترین و بەنرخترین درێسی تۆپی پێ.



