خۆشەویستەکەی دێتە دەنگ؛ بەهۆی بڕیارێکی خراپ هەڕەشەی کوشتن لە یاریزانێکی مۆندیال دەکرێت
"تەنیا دەمویست پاس بدەم"

یاریگا –
ئالێکساندەر سۆرلۆت بەهۆی پاسنەدان بە ئێرلینگ هاڵاند هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە و خۆشەویستەکەی پەیامە قێزەونەکانی ئاشکرا کرد.
کرانەدەرەوەی نەرویج لە قۆناخی چارەکی مۆندیال بەرامبەر ئینگلتەرا (2-1) بوو بە مۆتەکەیەک بۆ ئالێکساندەر سۆرلۆتی هێرشبەر. تەنیا یەک رۆژ دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانییەتییەکە بۆ وڵاتانی سکاندیناڤیا، ئەستێرەکەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو بە ئامانجی شەپۆلێکی ترسناکی سووکایەتی لەلایەن هاندەرە تووڕەکانەوە.
تووڕەییەکە لە ساتێکی کۆتایی گێمی یەکەمەوە سەرچاوەی گرت، کاتێک سۆرلۆت بڕیاریدا پاس بە ئێرلینگ هاڵاند نەدات کە بە تەواوی هیچ بەرگریکارێک لەلای نەبوو، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵی دووەمی نەرویج. هاندەران لێی خۆش نەبوون، بەو پێیەی پێیان وابوو ئەو ساتە یەکلاکەرەوە بوو لە کۆتاییهێنان بە خەونی مۆندیالی وڵاتەکە.
دوای ئەوەی سووکایەتییەکان لە هەموو سنوورێک تێپەڕین، لێنا سێلنس، خۆشەویستی یاریزانەکە، بڕیاریدا بە ئاشکرا قسە بکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئەو نەهامەتییە ئاشکرا بکات کە خێزانەکەیان پێیدا تێپەڕ دەبێت.
ئەو لە رێگەی هەژماری ئینستاگرامەکەیەوە وێنەیەکی سکرینشۆتی بڵاوکردەوە لەو ئاگادارکردنەوە و پەیامە بێزارکەرانەی کە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا پێی گەیشتوون، لەوانەش هەڕەشەی کوشتن و پەیامی هاندانی یاریزانەکە بۆ خۆکوشتن، لەگەڵ پەیامی دیکە کە داوایان لێدەکەن دەستبەجێ نەرویج جێبهێڵن.
لێنا لە نوسیوویەتی:
مۆندیال و تۆپی پێ شادییەکی زۆر دەهێنن، بەڵام هاوکات رقێکی زۆریش. نەمدەویست سەرنج بدەم بەم بابەتە، بەڵام دوای کۆمێنتی وەکوو ئەمانە، هەست دەکەم دەبێت کاردانەوەم هەبێت. هیوادارم هەموو کەسێک کەمێک زیاتر بیر بکاتەوە پێش بڵاوکردنەوەی کۆمێنتی لەم شێوەیە، بێگوێدانە دۆخەکە و ئەوەی لە یاریگا روویداوە.
خودی هێرشبەرەکەش لێدوانی لەسەر ئەو رووداوە مشتومڕاوییەدا و گوتی:
من تۆپەکەم پێگەیشت، کۆنترۆڵم کرد و سەرم بەرزکردەوە. لەو چرکەساتەدا، بینیم کە ستۆنس بە جەستە و پێگەکەی رێگای پاسدانی بۆ ئێرلینگ گرتبوو. پاشان جووڵەیەکی دیکەم کرد، کە ئەوە بڕیارێکی خراپ بوو. من چاوەڕێی جووڵەی بەرگریکارەکەم کرد لەبری ئەوەی ناچاری بکەم کاردانەوەی هەبێت. تاکە شت کە لەو دۆخەدا دەمویست، پاسدان بوو بە ئێرلینگ، بەڵام لەو چرکەساتەدا، هەستم کرد پاسەکە بوونی نییە و رێگاکە گیراوە، بۆیە بڕیارمدا بچمە لایەک و لێدان ئاراستە بکەم. بەداخەوە، سەرکەوتوو نەبوو.



