ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌دەنگۆکانی مێرکاتۆگرنگترین

بارسێلۆنا بۆ رزگاربوون لە باجەکەی مانچێستەر سیتی، فێران تۆرێس دەخاتە بازاڕی فرۆشتنەوە

دیكۆ رەتیدەکاتەوە گرێبەستی تۆرێس نوێ بکاتەوە

Yariga App

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنا دەرگای بەڕووی فرۆشتنی فێران تۆرێسی هێرشبەری یانەکەی لەم هاوینە کردووەتەوە، ئەمەش بەهۆی بەندێکی داراییەوە کە لە کاتی کڕینیدا لە گرێبەستەکەیدا جێگیرکراوە.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردووەتەوە، نوێکردنەوەی گرێبەستی تۆرێس، بارسێلۆنا ناچار دەکات بڕی نزیکەی 8 ملیۆن یۆرۆ  بە یانەی مانچێستەر سیتی بدات.

گرێبەستی ئێستای تۆرێس لەگەڵ بارسێلۆنا لە حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت و تاوەکوو ئێستا هیچ رێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی نەکراوە. بارسێلۆنا لە کانوونی دووەمی 2022 هێرشبەرە ئیسپانییەکەی بە بڕی 55 ملیۆن یۆرۆ وەکوو بڕی سەرەکی، لەگەڵ 10 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشت و گۆڕانکاری کە سەرجەمیان بەدەستهاتوون لە مانچێستەر سیتییەوە گواستەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە، بەهۆی بەندێکی نێو گرێبەستەکەوە، ئەگەر بارسا گرێبەستی تۆرێس نوێ بکاتەوە، دەبێت 7 بۆ 8 ملیۆن یۆرۆی دیکە بە مان سیتی بدات، ئەمەش تێچووی گشتیی یاریزانەکە بۆ 73 ملیۆن یۆرۆ بەرز دەکاتەوە.

لەبەر ئەم هۆکارە، دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا دوودڵە لە پێشکەشکردنی گرێبەستی نوێ و بەرپرسانی یانەکە دەیانەوێت لەم هاوینەدا بیفرۆشن بۆ ئەوەی رێگری بکەن لەوەی لە هاوینی 2027 وەکوو یاریزانی ئازاد و بێبەرامبەر یانەکە جێبهێڵێت.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆرێس لەگەڵ یانەی پاریس سانت جێرمان لە گفتوگۆدایە، هەرچەندە بارسا دەڵێت تاوەکوو ئێستا هیچ ئۆفەرێکی فەرمی پێشکەش نەکراوە، هەروەها دەنگۆی گرنگیدانی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەبوو بەهۆی بوونی ماتیۆ ئەلیمانی کە لە کاتی کڕینی تۆرێسدا لە بارسا بوو، بەڵام بەرپرسێکی باڵای یانە مەدریدییەکە ئەم گرنگیدانەی رەتکردەوە.

ئەگەر فێران تۆرێس بڕوات، بارسێلۆنا دوو هێرشبەرە سەرەکییەکەی وەرزی رابردووی هانزی فلیک لەدەست دەدات؛ چونکە پێشتر رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی شاری بارسێلۆنای جێهێشتووە و پەیوەندی بە یانەی شیکاگۆ فایری ئەمریکییەوە کردووە.

ئامانجی سەرەکیی بارسا بۆ شوێنی ژمارە 9، خولیان ئالڤارێزی هێرشبەری ئاتلێتیکۆ مەدریدە و یاریزانەکە خۆی حەز دەکات بچێتە بارسا، بەڵام ئاتلێتیکۆ بەئاشکرا نایەوێت بیفرۆشێت. بارسێلۆنا پێشتر هێڵی پێشەوەی بە کڕینی ئانتۆنی گۆردنی ئینگلیزی لە نیوکاسڵەوە بە 80 ملیۆن یۆرۆ و کەریم ئادێیمی لە دۆرتمۆندەوە بە 22 ملیۆن یۆرۆ بەهێز کردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button