نزیکە؛ مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی ئەستێرەیەکی ئاستۆن ڤیلا لە دانوستانێکی پێشکەوتوودایە
یاریزانەکە پێشوازی لەو گواستنەوەیە دەکات

یاریگا –
مانچێستەر یونایتد لە دانوستانێکی پێشکەوتوودایە بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یوری تیلیمانس لە یانەی ئاستۆن ڤیلاوە.
یوری تیلیمانس گرێبەستەکەی تاوەکوو حوزەیرانی 2028 بەردەوامە، بەڵام بەڵام بەگوێرەی ئاتلێتیک، مانچێستەر یونایتد دەرفەتێکی بەدی کردووە بۆ هێنانی ئەم یاریزانە تەمەن 29 ساڵەی هێڵی ناوەڕاست و سەرەڕای هەبوونی ئارەزوو لە شوێنەکانی دیکەوە، ئەو خۆی پێشوازی لە گواستنەوە بۆ ئۆڵد ترافۆرد دەکات.
پەیوەندی لەنێوان تەواوی لایەنەکاندا بەردەوامە بۆ کۆتاییهێنان بەم گواستنەوەیە، کە ئەمە تاوەکوو رادەیەک وەکوو شۆکێک وایە بەڵام کوالێتی و ئەزموونێکی زۆر پێویست بۆ ئەو پێگەیەی ناوەڕاست زیاد دەکات کە مانچێستەر یونایتد لەم هاوینەدا لەپێشینەی کارەکانی داناوە.
ئەم هەوڵەی مانچێستەر یونایتد دوای بڕیاری وازهێنان لە گواستنەوەی ئێدێرسنی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی ئاتاڵانتا دێت.
مانگی رابردوو رێککەوتنێک بە بەهای 40.5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو بڕی جێگیر لەگەڵ 4.5 ملیۆن یۆرۆ وەکوو پاداشت کرابوو، لە کاتێکدا مەرجە کەسییەکان لەگەڵ ئەم یاریزانە نێودەوڵەتییەی بەڕازیلدا رێککەوتنیان لەسەر کرابوو. پشکنینە پزیشکییە سەرەتاییەکان ئەنجامدرابوون پێش ئەوەی ئێدێرسن بانگهێشتێکی درەنگوەخت بۆ لیستی تیمی وڵاتەکەی لە مۆندیالدا پێ بگات. مانچێستەر یونایتد لەم ماوەیەدا بەردەوامی بە کارە یاسایی و کارگێڕییەکانی پشتەوەدا و ئەمەش وای لێکردن بە خێرایی ئاراستەی خۆیان بگۆڕن کاتێک گەڕی دووەمی پشکنینە پزیشکییەکان دوای کۆتاییهاتنی پاڵەوانییەتییەکە تەواو بوون.

ئەوان رەنگە لە قۆناخێکی دیکەی بازاڕی گواستنەوەکاندا دووبارە سەردانی ئەم دۆخە بکەنەوە، هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی تیمی مایکڵ کاریک لە تیلیمانس و کڕینی ئەم دواییەی ئاندرێ سانتۆس لە چێڵسییەوە تێدەپەڕێت، ئەگەرچی روون نییە ئایا ئاتاڵانتا و ئێدێرسنیش هەمان شت دەکەنەوە یاخود نا.
تیلیمانس لە هاوینی 2023 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە لێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە ئاستۆن ڤیلاوە کرد و دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە. ئەو بەشێکی گرنگ بوو لەو تیمەی ئاستۆن ڤیلا کە سەرکەوت بۆ چامپیۆنزلیگ و نازناوی یۆرۆپالیگی لە ماوەی وەرزی 2025-2026 بەدەستهێنا، کاتێک دوو گۆڵی کرد و حەوت ئەسیستی لە کۆی 35 یاری لە تەواوی کێبڕکێکاندا پێشکەش کرد.

تۆڕی ئاتلێتیک لەم مانگەدا بڵاویکردەوە کە ئونای ئیمری دەیەوێت تیمەکەی لەدەوری سییانەی هێڵی ناوەڕاستی ئاستۆن ڤیلا بنیاد بنێت کە پێکهاتوون لە تیلیمانس، بوباکار کامارا و ئامادۆ ئۆنانا، بەڵام ئەمەی دواییان بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دوور دەکەوێتەوە دوای ئەوەی تووشی پچڕانی بەستەری پێشەوەی ئەژنۆی بوو لە کاتی سەرکەوتنەکەی بەلجیکا لە مۆندیال بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکان.
تێلێمانس کاپتنی بەلجیکا بوو لە ماوەی گەشتەکەیان بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی، بەڵام یاریی رۆژی هەینی بەرامبەر ئیسپانیای لەدەستدا دوای ئەوەی لە کاتی خۆگەرمکردندا تووشی پێکان بوو. ئەو دوو گۆڵی لە بردنەوەکەی بەلجیکا بە ئەنجامی 3-2 بەرامبەر سێنیگال لە قۆناخی 32 کرد.

سەرنجدانی مانچێستەر یونایتد لەسەر هێڵی ناوەڕاست دوای رۆیشتنی کاسێمیرۆ دێت، لە کاتێکدا مانوێل ئوگارتی لە ماوەی دۆڕانی ئوروگوای لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالدا بەرامبەر ئیسپانیا تووشی پێکان لە بەستەرەکانی ئەژنۆیدا بوو.
ئەوان پێشتر سانتۆسیان بە بڕی 48 ملیۆن پاوەند لەگەڵ دوو ملیۆن پاوەند وەکوو پاداشت کڕیوە و ئارەزووی خۆشیان بۆ ئێلیۆت ئاندێرسنی یاریزانی ئینگلتەرا نیشاندابوو، کە لەبری ئەوە بە بڕی 116 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە کرد.
مانچێستەر یونایتد هاوكات لە هەوڵی بەدەستهێنانی ماتێوس فێرناندێزیشدا بوو پێش ئەوەی تۆتنهام داواکارییە 85 ملیۆن پاوەندییەکەی وێستهام یونایتد دابین بکات.