راپۆرتی تایبەت؛ مۆندیالی 2026 لە نێوان چێژی تۆپی پێ و گێژاوی بڕیارەکانی ناوبژیوانی و ڤار
راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر هەرای ناوبژیوانی مۆندیالی 2026

یاریگا –
دوای مانگێک و چەند رۆژێک لە رکابەرییە چڕەکانی مۆندیالی 2026 و بەڕێوەچوونی 100 یاری، ئێستا پاڵەوانێتییەکە چەندین بابەتی گەرمی بۆ گفتوگۆکردن جێهێشتووە.
ماڵئاواییکردن لە مۆندیال هەمیشە سەختە، چونکە هیچ پاڵەوانێتییەکی دیکە ناتوانێت وەکوو مۆندیال سەرنجی تەواوی گەلێک رابکێشێت. تاوەکوو ئەم ساتە، بەتایبەتی دوای هاتنی ڤار، تەکنەلۆژیا یارمەتیدەر بوو بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر یاریزانان بمێننەوە، بەڵام لە مۆندیالی 2026، بڕیارە ناوبژیوانییەکان بوونەتە خاڵی سەرەکیی هەموو رەخنەکان، تەنانەت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش، بەویست یان بێویست، بەهۆی لێدوانەکانی لەسەر سیستەمی فیفا، رەهەندێکی سیاسی و قووڵتری بەم مشتومڕانە بەخشیوە.
رۆژنامەی ئاس راپۆرتێکی گشتگیری لەسەر هەرای ناوبژیوانی مۆندیالی 2026 نووسیوە.
بەرگرییەکانی کۆلینا و دابەشکارییە سەیرەکانی فیفا
پێرلویجی کۆلینا، بەرپرسی لیژنەی ناوبژیوانانی فیفا، بەتوندی بەرگری لە بڕیاری ناوبژیوانان دەکات، بەتایبەتی لە یارییەکانی چارەکی کۆتاییدا. ئەو لە سۆشیاڵ میدیا ستایشی بڕیارەکەی ڤاری کرد لە دەرکردنی برێل ئیمبۆلۆ لە یاریی ئەرجەنتین و سویسرا، لە کاتێکدا سویسرییەکان سکاڵای ئەوەیان هەبوو کە نواندن و خۆخستنەوەی بەردەوامی یاریزانانی ئەرجەنتین بێ سزا تێپەڕیون.
هاوکات، پشتگیریی کوێرانەی فیفا بۆ ناوبژیوانان گومانی زۆری دروستکردووە؛ بۆ نموونە ئیسماعیل ئەلفاتی ناوبژیوانی ئەمریکی دوای ئەوەی رێگەی بە یاریی توندی ئوروگوای دا بەرامبەر ئیسپانیا و رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە، فیفا یاریی بەهێزی بەرازیل و نەرویجی پێ سپارد، هەروەها دیاریکردنی ناوبژیوانی فەرەنسی بۆ یاریی ئەرجەنتین و ناوبژیوانی ئەرجەنتینی بۆ یاریی فەرەنسا، نیشانەی پرسیاری گەورەی لەسەر شێوازی کارکردنی فیفا دروستکرد.

گەورەترین مشتومڕی مۆندیال؛ دۆسیەی بالۆگەن و ترەمپ
لە قۆناخی 32، گەورەترین هەرای مۆندیال روویدا، لیژنەی تەمبێکردنی سەربەخۆی فیفا بڕیاریدا هیچ سزایەک بەسەر فۆلارین بالۆگەندا نەسەپێنێت، ئەمەش دوای دزەکردنی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دۆناڵد ترەمپ بۆ جیانی ئینفانتینۆ، کە دواتر خودی ترەمپ راستیی پەیوەندییەکەی پشتڕاستکردەوە. ئەم بابەتە کاردانەوەی توندی یوێفا و وڵاتی بەلجیکای لێکەوتەوە و هاندەران پێیان وایە کە بنەماکانی دادپەروەری لە یارییەکەدا هێندەی لەرزیون کە بنچینەی تۆپی پێی هاوچەرخی شەکاندووە.
سێنسەرەکان و یاسای نوێی گۆڵپارێز؛ تەکنەلۆژیا دژی یاریزانان
یاسا و تەکنەلۆژیا نوێیەکان لەم مۆندیالەدا کێشەی زۆریان ناوەتەوە؛
یاسای ڤینیسیۆس: میگێل ئەلمیرۆن، یاریزانی پاراگوای و پیێرۆ هینکاپیێ یاریزانی ئیکوادۆر بەهۆی گرتنی دەمیان لە کاتی قسەکردندا بە کارتی سوور دەرکران، لە کاتێکدا یاریزانی دیکە هەمان کاریان کرد و سزا نەدران.
هەستەوەری نێو تۆپەکە: لە یاریی پۆرتوگال و کرواتیا، گۆڵێکی ئیگۆر ماتانۆڤیچ بەهۆی بەرکەوتنێکی زۆر کەم کە تەنیا هەستەوەرەکان هەستیان پێکردبوو رەتکرایەوە و رێگەی نەدا کرواتیا یارییەکە بباتە کاتی زیادکراو، لە کاتێکدا لە رووی بینینەوە هیچ بەرکەوتنێک دیار نەبوو.
پاراستنی گۆڵپارێز: ئەڵمانیا لە کۆتا خولەکەکانی کاتی زیادکراو بەرامبەر پاراگوای گۆڵێکی رەتکرایەوە بەهۆی ئەوەی گوایە خستنە بەربەست بۆ گۆڵپارێز، یاسایەکی نوێ کە ئەگەر جێبەجێ نەکرایە، ئەڵمانیا دەگەیشتە قۆناخی داهاتوو.

گومانی پاراستنی تیپە گەورەکان
لە یاریی میسر و ئەرجەنتیندا، هاندەران گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە فیفا دەیەوێت تیپە گەورەکان و ئەوانەی لەڕووی بازاڕگەرییەوە قازانجی زیاتر بە پاڵەوانێتییەکە و فیفا دەگەیەنن، بەتایبەت مێسی، لە یاریی کۆتاییدا بن. میسڕییەکان تووڕە بوون چونکە گۆڵێکی ئەوان بەهۆی ڤارەوە رەتکرایەوە، بەڵام گۆڵێکی هاوشێوەی ئێنزۆ فێرناندێز بۆ ئەرجەنتین هەژمارکرا، هەروەها لە یاریی ئیسپانیا و بەلجیکا، دوو حاڵەتی بەركەوتنی تۆپ بە دەست لە ناوچەی سزادا روویدا و ڤار هەردووکی رەتکردەوە، ئەمەش رودی گارسیای راهێنەری بەلجیکای تەواو تووڕە کرد.
لووتکەی گرژییەکان؛ ئینگلتەرا بەرامبەر مەکسیک و نەرویج
یاریی ئینگلتەرا و مەکسیک لە یاریگای ئازتێکا بووە جەنگێکی راستەقینەی ڤار؛ دەرکردنی کوانسا، لێدانی سزا بۆ مەکسیک و دووبارەکردنەوەی دەستپێکردنەوەی یارییەکە دوای گۆڵەکەی هاری کەین کە بووە هۆی تووڕەیی شێتیانەی ستافی مەکسیک.
لە چارەکی کۆتاییشدا، نەرویج بەسەربەرزی بەڵام بەدڵشکاوی و تووڕەییەوە لەسەر دەستی ئینگلتەرا ماڵاوایی کرد. کلیمێنت تورپینی ناوبژیوان کە بە یەکێک لە باشترینەکان دادەنرێت، تەواو شڵەژابوو. گۆڵێکی ئێرلینگ هالاند بەهۆی پاڵنانێکەوە رەتکرایەوە، لە کاتێکدا لە یارییەکانی دیکە سەرنجی لەسەر نەدەدرا.
گۆڵەکەی جود بێلینگهامیش گومانی زۆری لەسەر بوو؛ دەگوترا تۆپەکە بەر کامێرای جاڵجاڵۆکەیی Spidercam کەوتووە، هەستەوەری تۆپەکە رەتیکردەوە بەڵام کامێراکانی تۆڕی Fox جووڵەی کامێراکەیان لەو ساتەدا وەکوو بەڵگەی بەرکەوتن تۆمارکردبوو. شتە سەیرەکە ئەوە بوو کە بەرپرسی تیمی ڤار لەم یارییەدا جێرۆم بریسارد بوو، هەمان ئەو ناوبژیوانەی لە کێشەکەی ئەرجەنتین و میسردا دەستوەردانی کردبوو.



