
یاریگا –
دواى سەرکەوتنى بەرامبەر غەراف، نەورۆز لە ناوچەى دابەزین دوورکەوتەوە و راهێنەرى تیپەکەش باسى گرینگى ئەم سێ خاڵە دەکات.
لە گەڕى 11ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق، نەورۆز لە دەرەوەى یاریگاى خۆى سەرکەوتنێکى گرینگى بە دەستهینا و بە ئەنجامى 1 – 0 لە غەڕافى بردەوە، ئەحمەد عیسا یاریزانى پیشەگەرى نایجیرى نەورۆز لە خولەکى 79 بە کارتى سوور کرایە دەرەوە، نەورۆز بە 10 یاریزان و لە خولەکى 89 لە ڕێگاى کلاودیۆ ماڕادۆنا گۆڵى سەرکەوتنى تۆمارکرد.
وەلى کەریم، دواى یارییەکە دەربارەى گرینگى سەرکەوتنەکەیان قسەى کرد و گووتى:
پیرۆزبایى لە یاریزانان و کارگێڕى هاندەران دەکەم، غەڕاف تیپێکى باشن و خاوەن ڕاهێنەرێکى بە توانا و یاریزانى ئاست بەرزن، ئاستێکى باشمان پێشکەشکرد بەرامبەر تیپێک کە لە نێو یاریگاى خۆیان و بەردەم هاندەرانیان بوو، سێ خاڵەکە پاڵنەرێکى باشە بۆ یارییەکانى داهاتوو کە وادەکات کارى زیاتر بکەین بۆ بەرەو پێش چوونمان.
بەم سەرکەوتنە نەورۆز خۆى لە ناوچەى مەترسیدار بۆ دابەزین دوورخستەوە، کۆى خاڵەکانى گەیاندە 10 خاڵ و لە ریزبەندى 16ـى خولى ئەستێرەکانى عێڕاق دێت، گەڕى داهاتووش لە یارییەکى بەهێزدا لە سلێمانى رووبەڕى تەڵەبە دەبێتەوە.



