
یاریگا –
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا پیرۆزباییەکی لە یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری جیهان لەلایەن فیفاوە، و ئەم دەستکەوتە وەرزشییە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی نیشتمانیی گرنگ سەبارەت بە یەکڕیزی.
سەرکەوتنێکی سەرتاسەری
لە پەیامەکەدا هاتووە،
“بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهاندا، شانازییەکی گەورەیە بۆ یانەی زاخۆ و وەرزشی کوردستان و بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.”
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە دانیشتووانی زاخۆ و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەمە سەرکەوتنی هەمووانە.
جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت،
“شیرینی و خۆشی بردنەوەی ئەم خەڵاتە لەوەدایە کە بەرهەمی هاوسۆزی و پاڵپشتی هەموو خەڵکی کوردستان بوو.”
ئاماژەی بەوەشداوە کە چۆن لە ماوەی رابردوودا خەڵکی کوردستان لە خۆشی و ناخۆشیدا یەک بوون، “هەمووان یەکدڵ و یەکدەنگ پشتیوانیی زاخۆ بوون و ئەمڕۆش لە جەژن و خۆشیی زاخۆییەکاندا بەشدارن، هەروەکچۆن لە هەفتەی رابردوودا لە ناخۆشیشدا هەمووان هاوسۆز و پشتیوانیی خەڵکی چەمچەماڵ و گەرمیان بوون.”
لە کۆتایی پەیامەکەدا، قوباد تاڵەبانی داوا دەکات ئەم ڕۆحیەتە جەماوەرییە رەنگ بداتەوە لە ناوەندە سیاسییەکاندا،
“ئەم هەستە پیرۆزەی هاوسۆزی و هاوچارەنووسی و یەکدەنگییەی لەناو خەڵکی کورددا هەیە، هیوادارین بگوازرێتەوە بۆ ناو سیاسەتیش، چونکە ئەمە رێگە دروستەکەیە بۆ ئەوەی گەلەکەمان بەرەو دەستکەوتی گەورەتر هەنگاو بنێت.



