
یاریگا –
مەحمود مەجید، راهێنەری چوارقوڕنە گرێبەستی لەلایەن پێشمەرگەی سلێمانیەوە پێشکەش کراوە و راهێنەرەکەش چاوەڕێی هەڵوێستی کارگێڕی چوارقوڕنە دەکات.
له دوای ئەنجامە خراپەکانی پێشمەرگەی سلێمانی لە خولی نایابی عێڕاق، کارگێڕی پێشمەرگە بە دوای شوێنگرەوەی ئەرسەلان جەلالی راهێنەری تیپەکە دەگەڕێن، مەحمود مەجید، یەکێکە لە بژاردەکانی کارگێڕی پێشمەرگە و دەیانەوێت جارێکی دیکە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکەیان وەربگرێت.
دەربارەی گرێبەست کردن لەگەڵ پێشمەرگەی سلێمانی، مەحمود مەجید تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا رایگەیاند:
کارگێڕی پێشمەرگەی سلێمانی پەیوەندیان پێوە کردووم بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە لە خولی نایابی عێڕاق وەربگرم، گەیشتوومەتە رێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵیان، بەڵام من ئێستا پابەندم بە گرێبەستی چوارقوڕنە و راهێنەرایەتیان دەکەم، ئێرە وەک ماڵی خۆمی لێهاتووە و زۆر ئاسودەم لەگەڵیان.
مەحمود مەجید، لەسەر چۆنیەتی رۆیشتن و هۆکاری جێهشتنی یانەی چوارقوڕنە زیاتر گووتی:
داوا دەکەم لە دەستەی کارگێڕی چوارقوڕنە رێگر نەبن لەبەردەم چوونم بۆ یانەی پێشمەرگە، چونکە ساڵی داهاتوو بەشداری خولی بەدەستهێنانی بڕوانامەی پڕۆ دەکەم، بۆ ئەم مەبەستەش یەکێک لە مەرجەکانی بەشداربوون دەبێت راهێنەری یانەیەکی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق یاخود خولی نایابی عێڕاق بیت، دەرفەتێکە و بۆم هاتووە دەمەوێ ئەم بڕوانامە بەدەست بهێنم، نازانم لە داهاتوو چی روودەدات چونکە لەگەڵ کارگێڕی چوارقوڕنە کۆدەبمەوە و بڕیاریی کۆتایی لە بارەی ئەم پرسە دەدەین.
دوو وەرز پێش ئێستا مەحمود مەجید راهێنەری پێشمەرگەی سلێمانی بوو، پێشووتریش راهێنەرایەتی یانەکانی هەڵۆ و ئاکرێ و برایەتی و رەمادی و گازی باکووریشی کردووە.
مەحمود مەجید، ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی چوارقوڕنە لە شەش یارییدا دوو سەرکەوتن و سێ یەکسان بوون و شکستێکی هەیە، نۆ خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی دووەمی خولی نایابی کوردستان دێت.



