
یاریگا –
لێژنەی کار، لە سەردانی کردنی بۆ کامپ نۆ، بارودۆخی سەیر و سەمەرەی دەیان کرێکاری یاریگای بارسێلۆنای ئاشکرا کرد.
گەڕانەوە بۆ کامپ نۆ رووداوێکی گرنگ و دڵخۆشکەر بوو بۆ بارسێلۆنا، بەڵام زۆری نەخایاند ئەو خۆشییە تەواو بوو. لە کاتی پشکنینی لێژنەی کار، کێشەی نوێ لە دروستکردنی یاریگاکەدا دەرکەوتووە. دوایین کێشە دۆزینەوەی 79 کرێکاری تورکە کە مۆڵەتی کار کردنیان نەبووە و بەبێ مۆڵەت کاریان کردووە، ئەمەش لەلایەن پشکنەرانی تێرباڵ (وەزارەتی کاری کاتالۆنیا) پشتڕاستکرایەوە.
بە گوێڕەی زانیارییەکانی مارکا، کاری کردن بە بێ مۆڵەتی کار، پێشێلکارییەکی زۆر جیددیە، کۆمپانیای Extreme Work کە یەکێکە لەو بەڵێندەرە لاوەکییانەی کاری لەسەر نۆژەن کردنەوەی سپۆتیفای کامپ نۆ دەکرد، ئەم پێشێڵکارییە کردووە و بەم هۆیەوە رووبەڕووی سزای دارایی بوونەوە. پشکنەرانی تێرباڵ پشتڕاستیان کردەوە کە 79 کرێکار لە تورکیاوە چەند مانگێکە بەبێ مۆڵەتی کارکردنی یاسایی کار دەکەن، ئەمەش بووە هۆی پێبژاردنی 1.09 ملیۆن یۆرۆ بۆ کۆمپانیای بەڵێندەر.
هەمان کۆمپانیا دوای ئەوەی لە 25ی ئەیلول لەسەر داوای CCOO (سەندیکایەکی کرێکاری) لێکۆڵینەوەیەک دەستیپێکرد، بڕیاریدا سەرجەم کرێکارەکان لە کارەکانیان دووربخاتەوە و هەموویانی رەوانەی تورکیا کردەوە، هەرچەندە هەموویان نەگەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
یەکێک لە کرێکارەکان سەبارەت بەم دۆخەی رووبەڕووی بوونەوە گوتی:
“فریویان داین، کاتێک ئێمەیان هێنایە ئێرە گوتیان هەموو شتێک رێک و پێک و یاساییە، بەڵام وا نەبوو، ئەگەر بمانزانیایە نەدەهاتین”. زۆرێکیان چوونە لای سەندیکاری کرێکاران بۆ یاساییکردنی دۆخەکەیان، بەڵام کاتێک کۆمپانیاکە پێیزانی، لە کارەکانیان دووریان خستنەوە و بانگەشەی ئەوەیان کرد گوایە ئەم کرێکارانە ئەرکیان تەواو بووە.
چیرۆکەکە لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە کرێکارەکان دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ تورکیا تاوەکوو سەردانی ماڵباتەکانیان بکەن، لەوێش بۆیان دەرکەوت کە بەبێ مۆڵەتی یاسایی کاریان کردووە. ئەوان پێش ئەوەی گەشت بکەن بۆ بارسێلۆنا گرێبەستیان لەگەڵ نەکرابوو، هەروەها مۆڵەتی کارکردنیان لەلایەن لێژنەی کار بۆ وەرنەگیرابوو کە هەموو لەسەر ئەرکی کۆمپانیا بەڵێندەرەکە بووە.