Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

ئاڵۆنسۆ لە گێژاودایە؛ شێواوی و قەیرانێکی قووڵ لە پڕۆژەی ئاڵۆنسۆ بەدیدەکرێت

گومانی نێو تیمەکە زۆر زیادبووە

Yariga App

یاریگا و ئاس –

ریال مەدرید لەدوای پشووی نێودەوڵەتی بە گومانی قورسەوە ئامادەکارییەکانی دەستپێکرد.

هەموو هەوڵێکی ریال مەدرید بردنەوەی یارییەکەی شەوی رابردووی بەرامبەر ئێڵچێ بوو، تاوەکو رێڕەوی ئەنجامەکان بگۆڕێت، بەڵام یەکسانبوون بەرامبەر ئێڵچێ، جارێکی دیکە قەیرانی قووڵی یانەکەی دەرخستەوە، کە سێ هەفتە بەر لە ئێستا لە دوو یاریی یەک بەدوای یەک، بەرامبەر لیڤەرپوول و رایۆ ڤاییکانۆ دەرکەوتبوون.

ئەنجامەکان ئاماژەی نەرێنی نێو ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید پیشاندەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە، شێواوی ئاڵۆنسۆ لە مامەڵەکردن لە دۆخەکە پشتڕاستدەکاتەوە.


ئاڵۆنسۆ رێچکەی ونکردووە

راهێنەرە ئیسپانییەکە هەوڵی پاراستنی دۆخی مەدرید و پیشاندانی کەشێکی ئەرێنی دەدات، بەڵام ئەنجامەکان هاوکاری ناکەن.

دوورکەوتنەوەی ریال مەدرید لە بردنەوە لە سێ یاریی رابردوودا ئاسایی نییە، لەوانەیە بۆ تیمێکی دیکە ئاسایی بێت، بەڵام لە ریال مەدرید بە ئاسانی تێناپەڕێت.

ئاڵۆنسۆ لەدوای یارییەکە رەتیکردەوە ریال مەدرید داڕمابێت و دووپاتی لە بەرەوپێشچوونی زیاتر کردەوە.


ریال مەدرید لە دوا سێ یاریدا

  • بە گشتی لە هەر یارییەکدا 15 شووت ئاڕاستەی گۆڵی مەدرید کراوە
  • 5.7 شووت بۆ نێو ستوونی گۆڵی مەدرید بوون
  • ریال مەدرید تەنیا 14 شووتی ئاڕاستەی گۆڵ کردووە

ریال مەدرید شێوازی فشاری زۆری لەدەستداوە، ناتوانێت بەخێرایی تۆپ وەربگرێتەوە و بیخاتە گۆڕەپانی تیمی بەرامبەر، جیا لە هەمووی، ریال مەدرید مەترسی هێڵی پێشەوەی لەدەستداوە.


شکستهێنانی تاقیکردنەوەکان

ئاڵۆنسۆ تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە کێشەی قووڵی باڵی راست چارەسەر بکات و ئێستا بووەتە گرێکوێرەیەکی روون.

لە یارییەکانی رابردوودا، ئاڵۆنسۆ هەریەکە لە ئێدواردۆ کاماڤینگا، جود بێڵینگهام، ئاردا گولەر، ئیبراهیم دیاز، فڕانکۆ ماستانتونۆ و رۆدریگۆی لەو شوێنە تاقیکردەوە.

سەرەڕای زۆری گۆڕانکارییەکان و تاقیکردنەوەی زۆربەی ئەستێرەکانی یانەکەی لە باڵی راست، بەڵام تاوەکو ئێستا لە دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی مەترسیدار شکستیهێناوە.

تاقیکردنەوەی کاماڤینگا تەنیا لە یاریی کلاسیکۆ سەرکەوت، بەڵام لە ئانفیڵد و بەرامبەر لیڤەرپوول و ئێڵچێش شکستیهێنا. لە یارییەکەی شەوی رابردووش، ئاڵۆنسۆ هەر زوو گۆڕانکاری لەو شوێنەدا کرد.


ڤینیسیۆس؛ کەیسێکی کراوەیە

ڤینیسیۆس جونیۆر، چوارەم جارە لەم وەرزەدا لەسەر کورسی یەدەک دەبێت. ڤینی لە گێمی دووەمدا بەشداری یارییەکەی کرد، بەڵام نەیتوانی گۆڕانکاری دروستبکات.

ڤینی یەکێکە لەو فیگەرانەی بەردەوام جێی مشتومڕە لە ریال مەدرید. لە ماوەی رابردوودا باسی ناکۆکییەکی قووڵی نێوان ئاڵۆنسۆ و ئەستێرە بەڕازیلییەکە دەکرا، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی ناکۆکی روون لە یاریی کلاسیکۆ.

ئاڵۆنسۆ لە دوای یارییەکەی ئێڵچێ، بە لێدوانێک هەوڵی داخستنی کەیسی ڤینیسیۆسیدا و رەتیکردەوە هیج کێشەیەک هەبێت؛

لەسەر بابەتەکە رێککەوتبووین، ڤینی رۆل خۆی دەزانێت و پێشتریش ئەم کارەمان کردووە.

سەرەڕای لێدوانەکانی ئاڵۆنسۆ، بەڵام خەریکە وردە وردە ڤینیسیۆس پێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکی ریال مەدرید لەدەستدەدات و ئەمەش کێشەکانی ژووری جلگۆڕین ئاشکرا دەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button