ریال مەدرید پێدەنێتە توونێلێکی تاریک؛ ئاڵۆنسۆ کۆنتڕۆڵی مەدریدی لەدەستداوە
لۆس بلانکۆس قۆناخێکی هەستیاری وەرز دەستپێدەکات

یاریگا و مارکا –
ریال مەدرید قۆناخێکی هەستیاری ئەم وەرزەی دەستپێکردووە و دابەزینی ئاستی بەکۆمەڵی یاریزانان یاریی دوای یاریی دەردەکەوێت.
رۆژنامەی مارکا لەدوای یارییەکە بڵاویکردووەتەوە، چابی ئاڵۆنسۆ، راهێنەری ریال مەدرید کۆنتڕۆڵی تیمەکەی لەدەستداوە. هەرچەندە لە دەستپێکی وەرز، ریال مەدرید بە قۆناخێکی ناوازە تێدەپەڕی، بەڵام ئێستا هاوکێشەکە گۆڕاوە.
ئاڵۆنسۆ لە ژێر فشارێکی زۆرە، تایبەت دوای کەمبوونەوەی جیاوازی لەگەڵ بارسێلۆنا بۆ تەنیا یەک خاڵ، دوو هەفتە پێش ئێستا، هیچ یاریزانێکی ریال مەدرید پێشبینی ئەم سیناریۆی نەدەکرد.
دوای بردنەوە گەورەکەی مەدرید بەرامبەر ڤالێنسیا 4-0، ریال مەدرید گەیشتبووە قۆناخێکی ئارام، سوودی لە بردنەوەی ئێل کلاسیکۆ وەرگرت بوو، بەڵام یەکسانبوونەکەی رایۆ ڤاییکانۆ لە یاریگای ڤایێکاس و دواتریش دۆڕانی یارییەکەی لیڤەرپوول لە چامپیۆنزلیگ، دۆخەکەی قورس کردووە.
یەکسانبوونەکەی شەوی رابردووی مەدرید بەرامبەر ئێڵچێ، وێنەیەکی تەواو جیاوازی دروستکردووە؛
ئاڵۆنسۆ کۆنتڕۆڵی ریال مەدریدی لەدەستداوە و ناتوانێت شێوازی خۆی بەسەر یانەکە زاڵ بکات، تەنانەت بەرامبەر یانە لاوازەکانیش.

یارییەکەی ئانفیڵد، کڵپەی یەکەمی لادانی ریال مەدرید بوو لە رێچکەکەی. مەدرید یارییەکەی بە ئەنجام و ئاست دۆڕاند و لەو یارییەدا، نەیتوانی زاڵبوونی تەکتیکی بەسەر لیڤەرپوول بکات.
دۆڕانی یارییەکەی لیڤەرپوول کاریگەری لەسەر لالیگا هەبوو، چونکە گۆڕانکارییە تەکتیکییەی ئاڵۆنسۆ بە یارییکردن بە سێ بەرگریکار، نەیتوانی هاوسەنگی بگەڕێنێتەوە پلانەکانی، تەنانەت لەڕووی هێرشبەرییەوە لاواز دەردەکەوێت.
لە یارییەکەی ئێڵچێش، ریال مەدرید چەندینجار کەوتە ژێر فشار و دووجاریش لە ئەنجامی یارییەکە دواکەوت و ئەگەر گۆڵەکەی جود بێڵینگهام نەبووایە، ریال مەدرید تووشی دۆڕانێکی مێژوویی دەبوو.
هەرچەندە ریال مەدرید پێشەنگی لالیگایە و لە چامپیۆنزلیگش دۆخی جێگیرە، بەڵام تێگەیشتنی گشتی لە چەند رۆژی رابردوودا دڵەڕاوکێی لە نێو یانەکە دروستکردووە.
ئێستا هەموو یارییەک وەکو تاقیکردنەوەیەکی نوێ بۆ ئاڵۆنسۆ لێکدەدرێتەوە و یەکەمجارە راهێنەرە باسکییەکە تووشی قەیرانێکی قووڵ دەبێتەوە. هێشتا 25 گەڕ بۆ تەواوبوونی لالیگا ماوە و چەندین یاریی هەستیار چاوەڕێی ئەستێرەکانی لۆس بلانکۆس دەکەن، لەوانە یاریی کلاسیکۆ لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو.
ریال مەدرید چوارشەممە لە یاریگای کاریسکاکیس لە ئاتینا رووبەڕووی ئۆڵمپیاکۆس دەبێتەوە. ریال مەدرید پێویستی بە کاردانەوەیەکی تووندە لەو یارییەدا، تاوەکو دۆخی دەروونی نێو یانەکە جێگیر بکاتەوە.خ



