
یاریگا –
ریال مەدرید بۆ یارییەکەی ئەمشەو بەرامبەر ئێلچێ، بەدەست کێشەیەکەوە دەناڵینێت و ئەرکیان قورستر دەکات.
ریال مەدرید بە پلانێکی بەرگری زۆر لاوازەوە بەرەو ئێلچێ دەڕوات. لیستی چابی ئالۆنسۆ تەنیا دوو بەرگریکاری ناوەڕاستی تێدایە کە بریتین لە رائول ئاسێنسیۆ و دین هاوسن، کە تاکە دوو بەرگریکارن لە دوای پشووە نێودەوڵەتییەکان هیچ پێکانێکیان نییە.
بەرگریکارانی ریال بۆ ئەم یارییە بریتین لە، ئالێکساندەر ئارنۆڵد، ئالڤارۆ کارێراس، فران گارسیا و فێرلاند مێندی، کە مێندی تا ئێستا لەم وەرزەدا هیچ یارییەکی نەکردووە. بەگوێڕەی راپۆرتێکی رۆژنامەی مارکا، ئەم دۆخە بۆ ئاڵۆنسۆ زۆر قورسە و لە کاتێکی چارەنووسسازدا رووبەڕووی بووەتەوە کە خاڵەکانی لەگەل بارسێلۆنای رکابەری یەکسان بووەتەوە.
📋✅ ¡Nuestros convocados!
🆚 @elchecf pic.twitter.com/rqohxxDp0a— Real Madrid C.F. (@realmadrid) November 22, 2025
نەبوونی بژاردەی شوێنگرەوە:
پشووی نێودەوڵەتی کێشەی زیاتری دروستکردووە، میلیتاو لەکاتی یاریکردنی بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیل تووشی پێکان بوو و یانەکەش هەوڵدەدات تا دەتوانێت چاکبوونەوەی خێراتر بکات. ئالابا بەدەست ماندوێتی ماسولکەکانەوە دەناڵێنێت و گەشت ناکات. رودیگەر کە دەستی بە مەشقە بە کۆمەڵەکان کردووەتەوە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی لەو یارییە دوورخرایەوە، چونکە چابی نایەوێت مەترسی بخاتە سەر و دەیەوێت کاتی زیاتری پێبدات تاوەکوو بۆ چامپیۆنزلیگ ئامادە بێت.
ئامادەنەبوونی بەرگریکارە ئەڵمانییەکە، بەهۆی سەرکردایەتی و کاریگەرییەکەیەوە لە ناو یاریگادا زۆر هەست پێدەکرێت. ریال مەدرید دوای دوو یاری کە ئەنجامەکانیان دڵخۆشکەر نەبوون دەچێتە ئێلچێ، ئەوانیش دۆڕان لە ئەنفێڵد و یەکسانبوون لە ڤیاکاس.
یەکێکی دیکە لەو بەرگریکارانەی بۆشاییەکەی لەم یارییەدا هەست پیدەکرێت، ئۆرێلیەن چوامینییە. بەرگریکارە فەڕەنسییەکە کە ئەم وەرزە لە پێکهاتەی سەرەکی چابی ئاڵۆنسۆ دابووە لەم قۆناخە سەختەدا ئامادە نییە. ماوەی چەند رۆژێکە لەگەڵ هاوتیمییەکانی مەشق و راهێنان دەکات، بەڵام ستافی راهێنەرایەتی و یانەکە پێیان باشترە خۆیان لە هەر مەترسییەک بەدوور بگرن.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، ریال مەدرید بە هێڵێکی بەرگری لاوازەوە دەچێتە مارتینێز ڤاڵێرۆ. هێڵی بەرگری لۆس بلانکۆس ئێستا لە خراپترین دۆخدایە و هەر رووداوێکی چاوەڕواننەکراو دەتوانێت سزای تیپەکەی چابی ئاڵۆنسۆ بدات.



