Loading...
ئیسپانیاراپۆرتی تایبەتگرنگترین

کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی ریال مەدرید؛ ژمارەی پێوانەیی و بوودجەیەکی مێژوویی

فلۆرێنتینۆ پێرێز بەنیازی چییە؟

Yariga App

یاریگا –

ئەمڕۆ یەکشەممە، کۆمەڵەی گشتی ریال مەدرید کۆبوونەوەی ئاسایی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی نێوان 2024-2028 لە هۆڵی باسکەی یانەکە لە شاری وەرزشی ڤالدێبێباس لە مەدریدی پایتەخت دەکات.

ئەندامانی ریال مەدرید بژاردەی ئامادەبوون لە هۆڵ و بەشداریکردن بە ئۆنڵاینیان هەیە و بڕیارە کاتژمێر 11:00 بەکاتی هەولێر، کۆبوونەوەکە دەستپێبکات.

رێکۆردێکی دارایی ناوازە

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیدا، ریال مەدرید دەرەنجامی وەرزشی و دارایی وەرزی 2024-25 تاوتوێدەکات. لەڕووی داراییەوە ریال مەدرید باشترین رێکۆردی ئابووری لە مێژووی یانەکەدا تۆمارکردووە.

کۆی دەستکەوت و داهاتەکانی دارایی مەدرید بریتین لە؛

  • 24 ملیۆن یۆرۆ وەکو قازانجی تەواو (Net Profit)
  • 1.185 ملیار یۆرۆ وەکو داهاتی بەکاربردن (Operating Revenue) — بەبێ هەژمارکردنی داهاتی گواستنەوەی یاریزانان
  • رێژەی داهات بەراورد بە وەرزی 2023-24 بەڕێژەی 10% زیادبوو
  • بۆ جاری دووەم لەسەریەک، داهاتی ریال مەدرید سنووری ملیار یۆرۆی تێپەڕاند، ئەمەش ژمارەیەکی تۆمارنەکراوە لەسەر ئاستی تۆپی پێی ئەوروپا

ئەم گەشەسەندنەی ریال مەدرید بە شێوەیەکی تایبەت پشتی بە نوێکردنەوەی یاریگای بێرنابیۆی نوێ بەستووە، کە بووەتە شاکارێکی گەورەی ئابووری یانەکە و مەدرید.

بێرنابیۆ؛ لە یاریگاوە بۆ ماشێنی ئابووری

بێرنابیۆ ئێستا تەنیا بۆ رۆژی یارییەکان و فرۆشتنی بلیت بەکارنایەت، بەڵکو بووەتە سەنتەرێکی بازرگانی و ئاسوودەیی گەورەی مەدریدی پایتەخت کە بەدرێژایی رۆژ چالاکی جیاوازی لێدەکرێت.

بێرنابیۆ چەندین چێشتخانەی گەورە و فرۆشگای گەورەی بڕاندەکانی جیهانی لێکراوەتەوە، هەروەها بێرنابیۆ بووەتە سەنتەری سەرجەم وەرزشەکان نەک تەنیا تۆپی پێ.

جیا لە لایەنی وەرزشی، کۆنسێرت و چالاکی گەورەی میوزیکی لێدەکرێت، ئەمەش رێگەی بۆ زیادکردنی هاوبەشی بازرگانی و پەیداکردنی سپۆنسەری نوێ خۆشکردووە.

تاوەکو ئێستا لە وەرزی 2025-26، داهاتی ریال مەدرید گەیشتووەتە 1.248 ملیار یۆرۆ، ئەمەش بەرزترین داهاتە لە مێژووی یانەکەدا.

نموونەیەکی موڵکایەتی نوێ

هەرچەندە خشتەی کاری کۆمەڵەی گشتی ریال مەدرید بابەتی فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی تێدا نییە، بەڵام لە چەند رۆژی رابردوودا، بابەتی سەرەکی میدیاکانی نزیک لە مەدریدە.

رۆژنامەی مارکا ئاشکرای دەکات، پێرێز دەیەوێت پەیکەربەندییەکی نوێی خاوەندارێتی ریال مەدرید دابڕێژێت و رێگە بۆ هاتنە ژوورەوەی وەبەرهێنەرێکی بیانی بکاتەوە و تەنیا توانای کڕینی 5% بۆ 10%ی پشکەکانی هەبێت، تاوەکو لایەنی ئابووری ریال مەدرید بەهێزتر بکات.

پێرێز جەختیکردووەتەوە، ئەندامانی یانە بە خاوەنی سەرەکی و خاوەن بڕیار دەمێننەوە و هەرگیز بەڕێژەیەک پشک نافرۆشن، کە وەبەرهێنەران ببنە خاوەنی دوابڕیاری یانەکە.

کێ بە نیازە وەبەرهێنان بکات؟

رۆژنامەی Vozpopuli بڵاویکردووەتەوە، بێرنار ئارنۆ، خاوەنی بڕاندی بازرگانی بەناوبانگی لوی ڤیتۆن، دەیەوێت 10%ی پشکەکانی ریال مەدرید بەبڕی یەک ملیار یۆرۆ بکڕێت.

تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێکی نزیکی ئارنۆ یاخود ریال مەدرید، ئەم هەواڵەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. بۆ بڕیارێکی لەمشێوەیەش، پێویستە ئەندامانی یانەکە دەنگ بە پڕۆژەکە بدەن کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە پێشنیازی فرۆشتنی بەشێک لە پشکەکانی کردووە.

بێرنارد ئارنۆ، لە ساڵی 2024 بە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان دەستنیشانکرا، بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، ئارنۆ پەیوەندییەکی بازرگانی تۆکمەی لەگەڵ کۆمەڵەی Sixth Street هەیە، کە گروپێکی کۆمپانیای وەبەرهێنانی ئەمریکین و گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ ریال مەدرید هەیە.

بە ملیار یۆرۆ؛ یەکێک لە دەوڵەمەندترینەکانی جیهان دەیەوێت پشک لە ریال مەدرید بکڕێت

بابەتی زیاتر

Back to top button