
یاریگا –
لە 19ی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی ساڵی 2005 و 20 ساڵ بەر لە ئێستا، بارسێلۆنا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ 0-3 لە ریال مەدریدی بردەوە.
رۆناڵدینیۆ بە ئاستێکی نموونەیی، شەوێکی نەمری لە هزری هاندەرانی بارسێلۆنا چەقاند، ئەستێرە بەڕازیلییەکە دوو گۆڵی لە یارییەکەدا کرد و بەهۆی ئاست بەرزییەوە، بەشێکی زۆری هاندەرانی ریال مەدرید، چەپڵەیان بۆ رۆناڵدینیۆ لێدا.
خوان سانچێز، هاندەرێکی ریال مەدریدە و ئەوکاتە زوومی کامێراکانی چووە سەر کاتێک چەپڵەی بۆ رۆناڵدینیۆ لێدەدا، بەهۆی ستایڵی سمێڵ و قژییەوە، لە یادگەی هاندەران مایەوە.
سانچێز بەشداری لە پڕۆگرامی De Ortegaی رۆژنامەی مارکا کرد و لەبارەی ئەو ساتەوە گوتی؛
بابەتە جوانەکە ئەوەیە، چەپڵە بۆ کەسی شیاو لێبدەین. بەڕاستی ئەوکاتە وانەیەکی تۆپی پێیان پێداین. ئێمە حەزمان لە تۆپی پێیە و ئەوکاتە هیچ شتێکمان لەبەردەم نەبوو، جگە لە وەستان و چەپڵە لێدان.
تەنیا من و کوڕەکەم کەوتینە زوومی کامێراکان، بەڵام بەشێکی زۆری هاندەران چەپڵەیان لێدا.
سانچێز هەرگیز لە هەڵوێستەکەی پەشیمان نییە و جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە؛
هەرگیز شەرم لە رەفتارەکەم ناکەمەوە، تاوەکو ئێستاش دەچمە بێرنابیۆ و وەکو هەمیشە هاندەری ریال مەدریدم.
چەپڵەکانی سانچێز وایکرد، لە شەو و رۆژێکدا بەناوبانگ بێت، تەنانەت رووبەڕووی رەخنەی تووندی ئەڵتراسی ریال مەدرید بووەوە؛
کۆمەڵەی ئەڵتراسی ریال مەدرید زۆرترین رەخنەیان ئاڕاستە کردم، هەر هێشتا یاریگامان جێنەهێشتبوو، کەچی هوتاف و دروشمیان لە دژی من دەدا. بەڵام بابەتەکە منی بێزار نەکرد.
خەڵک زۆر باسی مێسی و رۆناڵدۆ و چەندین یاریزانێکی دیکە دەکەن. بەڵام بەشێوەی پێویست رێز لە کارەکانی رۆناڵدینیۆ نەگیرا. بەڕاستی یاریزانێکی نائاساییبوو.
رۆناڵدینیۆ بەڵێ؛ یامال نەخێر
20 ساڵ دوای کلاسیکۆیە مێژوویەکەی بێرنانبیۆ، سانچێز دووپاتیدەکاتەوە، ئەگەر کات بگەڕێتەوە، جارێکی دیکە چەپڵە بۆ رۆناڵدینیۆ لێدەدات، بەڵام رایەکی دیکەی لەسەر یامال هەیە؛
بەڵێ بۆ رۆناڵدینیۆ، بەڵام نەخێر بۆ یامال… هەرچەندە یامال یاریزانێکی گەورەیە، بەڵام هەندێک هەڵسوکەوتی یامالم بەدڵ نییە.
رۆناڵدینیۆ بۆ چێژ وەرگرتن دەچووە نێو یاریگا، بەڕاستی چێژی بە هەمووان دەبەخشی.



