Loading...
ئیسپانیاگرنگترین

هەمووتان دەبەینە بێرنابیۆ؛ ریال مەدرید و ئەپڵ واژۆی پڕۆژە سەرسوڕهێنەرەکە دەکەن

ریال مەدرید جیهانی وەرزش بە تەواوی دەگۆڕێت

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید لەگەڵ کۆمپانیای ئەپڵ گرێبەستی بۆ بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیایەکی سەرسوڕهێنەر بەناوی “بێرنابیۆی بێکۆتا” واژۆکرد.

ئەپڵ چاویلکەیەک بۆ هاندەرانی ریال مەدرید دروست دەکات لە رێگەیەوە دەتوانن راستەوخۆ لە ماڵەوە تەماشای یارییەکانی ریال مەدرید بکەن وەک ئەوەی خۆیان لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بن، فلۆرێنیتینۆ پێرێز لە نۆڤێمبەری 2024 زانیاریی سەرەتایی لەسەر پڕۆژەکە ئاشکراکرد و دوێنێش لەگەڵ ئەپڵ واژۆی لەسەر رێککەوتنی بەرهەمهێنانی چاویلکەکە کرد.

سەرۆک پێرێز لەبارەی پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو هاندەرانی یانەکە دەیانەوێت سەردانی بێرنابیۆ بکەن، بەڵام بەهۆی سنوورداری رێژەی بلیتەکان هەمووان ناتوانن بلیت بەدەستبهێنن ئەمەش کێشەی بۆ زۆرێک لە هاندەران دروست کردووە، دەیانەوێت لە رێگەی ئەو چاویلکەیە خەونی هەمووان بکەنە راستی.

ئێستا کێشەی دارایی لەپێشینەی کارەکانمان نییە، بەڵکو دەمانەوێت ئەو ئەزموونە بە ملیارێک هاندەرمان لە تەواوی جیهاندا بگەیەنین کە هەموویان ئارەزووی دەکەن.

لە رێگەی ئەو تەکنەلۆژیایە هەموو هاندەران چێژێکی جیاواز و بێوێنە لە یارییەکان وەردەگرن، وەک ئەوە وایە خۆیان لە یاریگا ئامادەبن و بە تەواوی کارلێک لەگەڵ هەموو شتێکی بێرنابیۆ دەکەن، کە پێشتر ئەو کارە مەحاڵ بوو.

وەک ئەوە وایە دەرگای یاریگا بەڕووی تەواوی هاندەرانی جیهان بکەینەوە. تەکنەلۆژیایەکی سەرسوڕهێنەر دەبێت و گۆڕانکارییەکی گەورە لە بواری وەرزشدا دروست دەکات.

هەموو هاندەران کە سەردانی بێنابیۆ دەکەن پێویستە هەست بکەن بەشێکی تایبەتن لێی، ئەو تەکنەلۆژیایە رێگەمان دەدات ئەوە بکەین و هاندەرانمان بەتەواوی ئاوێتەی کەشی یاریگا دەبن.

مێرێنگی دەیەوێت لە رێگەی ئەو چاویلکەیە دەرفەت بۆ هەموو هاندەرانی یانەکەی لە سەرانسەری جیهان بڕەخسێنێت لەناو ماڵەکانی خۆیان ئەزموونی ئامادەبوون لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنایۆ تاقیبکەنەوە و چێژ لە چرکە ساتەکانی یارییەکانی یانەکە لە یاریگاکەدا وەربگرن.

کۆمپانیای ئەپڵ لە سەرەتای ساڵی رابردوو ئامێری ئەپڵ ڤیژن پڕۆی بڵاوکردەوە، ئامێرەکە بە 12 کامێرا و 6 مایکرۆفۆن و چەند هەستەوەرێک بەستراوەتەوە، بەکارهێنەران دەتوانن لە رێگەی چاو و دەستیانەوە ئەپڵیکەیشنە جیاوازەکان کۆنترۆڵ بکەن و تەماشای فیلم، وێنە و دیمەنی سەرنجڕاکێش بکەن.

کۆمپانیاکە پەرە بەو بەرهەمەی دەدات و لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە چاویلکەیەکی پێشکەوتووتر بە چەندین تایبەتمەندی جیاوازتر دروست دەکات. پلان وایە چاویلکەکە لە ساڵی 2026 بخرێتە بەردەم هاندەرانی ریال مەدرید.

هاوکات فلۆرێنتینۆ پێرێز ئاشکرایکرد لە ساڵی 2026 ئەپڵ تیڤی فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەبارەی ریال مەدرید بڵاودەکاتەوە، فیلمەکە لە یاری رابردووی نێوان ریال مەدرید و یوڤێنتوس بە زیاتر لە 100 کامێرای جۆراوجۆر لە سەرجەم گۆشە جیاوازەکانی بێرنابیۆ تۆمارکراوە.

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز پڕۆژەیەکی سەرسوڕهێنەر رادەگەیەنێت

بابەتی زیاتر

Back to top button