بچووکترین هەلبژاردەی بەشداربوو لە جامی جیهانی 2026 کام هەڵبژاردەیە؟

یاریگا –
دوورگەی بچووکی کوراساو بووە بچووکترین وڵات کە بەدرێژایی مێژووی جامی جیهانی تا ئێستا کە بەشداری مۆندیال بکات.
کوراساو ژمارەی دانیشتووانەکەی 155 هەزار کەسە و رووبەری 444 کیلۆمەتر دووجا. ئەوەشی جێگەی سەرنجە جیا لەوەی کوراساو ژمارەی پێوانەیی بچوکترین وڵاتی بەشدار بووی لە مۆندیال تۆمار کرد، راهێنەرەکەشیان دیک ئادڤۆکات، بە 78 ساڵ تەمەن دەبێتە بەتەمەنترین راهێنەری بەشداربوو لەو پاڵەوانەتییە.
لە ساڵی 1954، کوراساو بووە ئەندامی دوورگەکانی ئەنتیلی سەر بە هۆڵەندا، باشە دوورگەکانی ئەنتیل چییە؟
فێدراسیۆنێکی نیمچە سەربەخۆی چەند هەرێمێکی دەریای کاریبی لە ژێر دەسەڵاتی شانشینی هۆڵەندا بوون، بەڵام لە ساڵی 2010، فێدراسیۆنەکە هەڵوەشایەوە و کوراساو خەسڵەتی دەوڵەتی وەرگرت و ئێستا سەر بە هۆڵندایە، واتە کوراساو خۆی کاروباری ناوخۆیی بەڕێوەدەبات و لەڕووی بەرگری و سیاسەتی دەرەوە و ئابووری، بەگوێرەی سیاسەتی دەرەوەی هۆڵەندا کار دەکات.

سەرەڕای هەبوونی راهێنەرێکی هۆڵەندی، زۆربەی یاریزانانی هەڵبژاردەکەش لە هۆڵەندا لەدایکبوون و هەڵگری پاسپۆڕتی هۆڵەندین بەڵام وەکوو سۆزێک بۆ دووڕگەکەیان بڕیاریاندا یاریی بۆ کۆراساو بکەن.
لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال لە کۆی 10 یاریی حەفت یارییان بردەوە و لە دوایی یاریشیان کە یارییەکی چارەنووسساز بوو راهێنەرەکەیان بەهۆی کێشەی تایبەتەوە گەشتی هۆڵەندای کرد و نەیتوانی ئامادەبێت و کۆڕەکانی کوراساو بەرامبەر جامایکا یەکسان بوون و بەم یەکسان بوونە مێژوویان نووسیەوە و بۆیەکەمینجار بەشداری جامی جیهانی دەکەن.