
یاریگا –
گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ کامپ نۆ رووداێکی مێژووییە کە هاندەران و یاریزانان زۆر دەمێکە چاوەڕێی ئەمڕۆژە دەکەن، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی کاتی گەڕانەوەیان یەکەم مشتومڕ دەستی پێکرد.
بەگوێڕەی ئەو زانیارییانەی کە مۆندۆ دیپۆرتیڤۆوە بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا بە فەرمی بڕیاریداوە کە بلیت بۆ هاندەرانی ئاتلێتیک بیلباو بۆ یارییەکەی شەممە تەرخان نەکات و تەواوی بلیتەکانی یارییەکە بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا بێت.
ئەمەش واتە ئاهەنگی کردنەوەی گەورەی کامپ نۆ بەبێ هاندەرانی رکابەر بەڕێوەدەچێت، ئەمەش شتێکی دەگمەنە و بڕیارێکە کە ناڕەزایی هەردوو کۆمەڵەی لایەنگرانی لێکەوتووەتەوە.
راستی چیرۆکەکە چییە؟
یاریگای کامپ نۆ تاوەکوو ئێستا لەژێر نۆژەنکردنەوە دایە و بە مۆڵەتی سەلامەتی کاتی کاردەکات، هاوکات کارکردن لەسەر چەند ناوچەیەکی یاریگاکە بەردەوامە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش بارسێلۆنا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ناتوانێت بۆ میوانداریکردنی هاندەرانی بەرامبەر ئەو مەرجانە گەرەنتی بکات کە یاسا داوا دەکات.
ℹ️ El FC Barcelona no podrá enviar entradas visitantes al Athletic.
El Athletic Club informa de los motivos recibidos por parte del club catalán que le impiden mandar las habituales localidades destinadas a la afición zurigorri.#BarçaAthletic
— Athletic Club (@AthleticClub) November 17, 2025
دواتر یانەی ئاتلێتیک بیلباو تەواوی وردەکارییەکانی بۆ هاندەرانی خۆیان روونکردەوە و روونکردنەوەیان لەسەر بڕیارەکەی بارسیلۆنا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا راگەیاند و نووسیان:
یانەی بارسێلۆنا پێی راگەیاندین کە بیلیتی ئاسایی بۆ هاندەرانمان بۆ یارییەکەی بارسیلۆنا بەرامبەر ئاتلێتیک لە رۆژی شەممە تەرخاننەکراوە.
بارسێلۆنا ئێستا مۆڵەتی 1B لە شارەوانی وەرگرتووە کە بەم مۆڵەتە، ناتوانرێت گەرەنتی جیاکردنەوە و کۆنترۆڵکردن و کەمترین مەرجەکانی پاراستن بکرێت کە یاسا بۆ میوانداریکردنی هاندەرانی رکابەر داوای دەکەن.
بارسێلۆنا ئەو بڕیارە بە خۆپارێزییەکی پێویست دەزانێت نەک وەک هەڵبژاردەیەکی وەرزشی. تا ئەو کاتەی قۆناخەکانی نۆژەنکردەوە تەواو دەبن، یانەکە پێی وایە بانگهێشتکردنی هاندەرانی میوان مەترسییەکی ناپێویست دروست دەکات.



