دوور لە یامال؛ جۆرە پێکانێک بەرۆکی ئەستێرەکانی بارسێلۆنای گرتووە
خەریکە نەخۆشخانەی بارسێلۆنا پڕ دەبێت

یاریگا –
لە ماوەی رابردوودا، زۆر باس لە پێکانی لامین یامال دەکرێت، بەڵام بارسێلۆنا چەندین کێشەی قووڵی دیکەی هەیە و خەریکە دەکەوێتە قەیرانێکی گەورەوە.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، چوار یاریزانی هەستیار بەهۆی پێکانی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ دابڕاون، ئەمەش پرسیاری جیددی لەسەر راهێنانەکان و رێڕەوی چاکبوونەوەی یاریزانان لە پێکان دروستکردووە.
خوان گارسیا

خوان گارسیا، گۆڵپارێزی دیاری بارسێلۆنا یەکێکبوو لە دیارترین گواستنەوەکانی مێرکاتۆی هاوینەی رابردوو.
لەگەڵ گواستنەوەی بووە گۆڵپارێزی سەرەکی بارسێلۆنا، بەڵام لە 25ی سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوو لە یارییەکەی بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ، ئەژنۆی چەپی پێککرا و ناچاربوو دوای چوار رۆژ نەشتەرگەری بکات.
ماوەی دوورکەوتنەوەی گارسیا لە چوار بۆ شەش هەفتە خەمڵێندراوە، واتە لەوانەیە هەفتەی داهاتوو بە تەواوی مەشقەکانی دەستپێبکاتەوە.
گاڤی

یەکەمجار نییە گاڤی تووشی هەمان پێکان دەبێتەوە، پێشتر ساڵێک گاڤی لە یاریگاکان دوورخستەوە، دوای ئەوەی بەستەرەکانی کڵاوەی ئەژنۆی پێشەوەی تووشی پێکانبوون.
پێکانی ئێستای هەندێک جیاوازە، بەڵام لە هەمان ئەژنۆ تووشبووەتەوە و بۆ ماوەی پێنج مانگ لە یانەکە دووردەکەوێتەوە.
ئۆسکار جیستاو
لە کۆتایی مانگی سێپتێمبەر/ئەیلوولی رابردوودا، ئۆسکار جیستاو، یاریزانی تیمی دووەمی بارسا لە یارییەکی خولی پلەدووی ئیسپانیا هەستی بە ئازاری ئەژنۆی چەپ کرد.
دوای چەندین پشکنین دەرکەوت، ئەژنۆی چەپی یاریزانەکە پێککراوە و لە حەفتی ئۆکتۆبەر/تشرینی یەکەمی رابردوو نەشتەرگەری بۆ کرا.
جیستاو بۆ ماوەی 10 بۆ 12 هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت.
🔴 Informe SPORT
🚑 El menisco, otra plaga en el Barça
❌ Hasta cuatro futbolistas entre el primer equipo y el Barça Atlètic han sufrido esta lesión
✍️ @bonagerman https://t.co/MzZhdZTZgN
— Diario SPORT (@sport) November 17, 2025
ئەلێکسیس ئۆلمێدۆ
بەرگریکاری تیمی دووەمی بارسێلۆنا ناوی چووەتە نێو لیستی پێککراوەکان.
ئۆلمێدۆ لە سەرەتای ئەم مانگە تووشی پێکانبوو، چوارشەممەی رابردوو بەهۆی هەوکردنی بەستەری دەرەوەی کڵاوەی ئەژنۆی چەپەی نەشتەرگەری بۆ کراوە.
یاریزانەکە بۆ ماوەی 10 بۆ 12 هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت.



