ریال مەدریدەکەی ئاڵۆنسۆ؛ لە شاگەشکەیی کلاسیکۆ بۆ ونبوونی تەکتیکی یاریی
ئاڵۆنسۆ لەژێر فشارێکی گەورەی میدیاکانی مەدریدە

یاریگا –
دۆخی ریال مەدرید لە ماوەی دوو هەفتەدا لە شاگەشکەیی بردنەوەی ئێل کلاسیکۆ بۆ پێشوازییەکی گەرم لە پشووی یارییەکانی نێودەوڵەتی گۆڕاوە و ئەمەش کۆمەڵێک پرسیاری گەوهەری دروستکردووە.
رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا، وردەکارییەکانی نێو سووچەکانی یانەکەی ئاشکراکردووە و روونیکردووەتەوە، وەستانی نێودەوڵەتی وەکو پێویستییەکی هەنووکەیی لە تەواوی یانەکە سەیردەکرێت، چونکە ریال مەدرید بە دۆخێکی ناهەموار تێدەپەڕێت.
سەرلێشێواوی و شیکارییەکی ئارام
رۆژنامەکە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازی نێو یانەکە بڵاویکردووەتەوە، لە یەکەم هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی یانەکەدا هاتووە، بەرپرسانی یانەکە، هۆکارێکی روون بۆ دابەزینی ئاستی لەناکاوی یانەکە نادۆزنەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی لە دەستپێکی وەرز، باڵادەستی بارسێلۆنای شکستپێهێنا.
ئەو دوو دڵییەی لە یانەکە دروستبووە تەنیا پەیوەندی بە ئەنجامی دوو یاریی رابردوو نییە، بەڵکو هەستێک دروستبووە کە ریال مەدرید ناتوانێت باڵادەستی خۆی لە یارییەکان بچەسپێنێت، هەرچەندە لە دەستپێکی وەرزن و هێشتا قۆناخی سەخت ماوە.
ئەوەی تەواوی بەرپرسانی و ستافی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لەسەری کۆکن، ئەم وەستانە نێودەوڵەتییەیە، تاوەکو پێداچوونە و هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی کێشە هونەرییەکان بکەن.

تەکتیک؛ بابەتی سەرەکی مشتومڕە
رۆژنامەکە نووسیویەتی؛ کێشەکە تەنیا بە ئاست و ئەنجامی یارییەکانەوە بەند نییە، بەڵکو زیاتر بە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانەوە بەندە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە، تاوەکو ئێستا یاریزانان بەتەواوی لە زۆربەی رێنماییەکانی چابی ئاڵۆنسۆ لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەکان تێناگەن.
هەرچەندە ئێستا ریال مەدرید متمانەی تەواوی بە راهێنەر و یاریزانانە، بەڵام ئەوەی بەرپرسانی یانەکەی شۆک کردووە، ئەو جیابوونەوە دەروونییەیە کە لە پڕ دروستبوو، ئەمەش دوای بەڕێکردنی رووداوەکانی وەرزی رابردوو و لەیادکردنی شۆکی دۆڕانی چوار کلاسیکۆ.
پێداچوونەوە و پاراستنی پێشەنگایەتی
ئەوەی هەمووان لە ماڵی مەدرید لەسەری کۆکن، پێشەنگایەتی ریال مەدریدە لە لالیگا، چونکە ئەم بابەتە مشتومڕ هەڵناگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا، بەرپرسەکان دەزانن ریال مەدرید لە ترۆپکی ئاستی خۆیدا نییە و چاوەڕێی جووڵە و دروستکردنی جیاوازی هونەری زیاتریان لێدەکرێت.
لەگەڵ وەستانی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی دوو هەفتە، بڕیار بەدەستانی ریال مەدرید پێیان وایە، کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیارە، تاوەکو پێداچوونەوەیەکی ئارام بە تەواوی کێشەکان بکرێت، تەنانەت کێشەکان دەستنیشان بکرێن.
بەکورتی؛ ریال مەدرید پێشەنگە، بەڵام هەستێکی ناوخۆیی لە نێو یانەکە دروستبووە و ئەمەش هەمووان دوو دڵ کردووە. ریال مەدرید پێویستی بەکاتە تاوەکو پێداچوونەوەیەکی قووڵ بکات و ئاوێتەبوونێکی جیاواز بۆ تێکەڵکردنی بیرۆکە و حەزەکان دروستبکات.



