
یاریگا –
ریال مەدرید بە بردنەوەی 4-0 لە ڤالێنسیا لە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، تا ماوەیەکیتر ناگەڕێنەوە بۆ یاریگا ئەفسووناوییەکەی خۆیان.
شەوی رابردوو ریال نۆیەم بردنەوەی لە خولی ئیسپانی تۆمارکرد و پێگەی خۆی لە پێشەنگی قایمتر کرد کە ئێستا 5 خاڵ لە بارسێلۆنای پلەی دووەم دوورە. ئەوە کۆتا یاریی نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ بوو، تا 7ی مانگی داهاتوو شاهانەکان و هاندەرانیان ناگەڕێنەوە بۆ ئەو یاریگایە. ئەوەش بەهۆی خشتەی چڕی یارییەکان کە سەرجەمیان لە دەرەوەی مەدرید ئەنجامدەدرێن.
تا گەڕانەوەیان بۆ نێو یاریگای خۆیان، ریال 6 یاریی لەنێو یاریگای رکابەرەکانیان ئەنجام دەدات. بەجۆرێک، سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە ئانفیڵدی لیڤەرپوولەوە گەشتە چڕەکەیان دەستپێدەکەن. پاشان دەگەڕێنەوە بۆ خولی ئیسپانی و دەبنە میوانی رایۆ ڤایکانۆ. دواتر ئێڵچی هەر لەو خولە.
لە 26ی ئەم مانگە دەبنە میوانی ئۆڵۆپیاکۆس. دوای گەڕانەوەشیان لە یۆنان رووبەڕووی یانەکانی جێرۆنا و ئاتلێتیک بیلباو دەبنەوە.
لە 7ی مانگی داهاتوو سانتیاگۆ بێرنابیۆ جارێکیتر ئامێز بۆ هاندەرانی دەکاتەوە کاتێ میوانداریی سێڵتاڤیگۆ دەکەن.