
یاریگا –
دیمەنی گۆڕانکاریی پێکردنی ڤینسییۆس جونیۆر لە یاریی کلاسیکۆی رابردووی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بووەتە دیارترین بابەتی دوای کلاسیکۆ.
تووڕەبوونە لەڕادەبەدەرەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر و قسەکانی کاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە، تایبەت دوای گوتنی ئەم قسانە؛
من؟ بۆچی بەردەوام من؟ ئەمە زۆر زۆرە، باشتر وایە ئێرە جێبهێڵم.
قسەکانی ڤینیسیۆس مشتومڕێکی زۆری لە نێو ریال مەدرید دروستکردووە، بەشێکیان پاڵپشتی دەکەن و بەشێکی دیکەش داوای سزادانی دەکەن.
ئێمباپێ ژیانی ڤینی گۆڕی
پابلۆ پۆلۆ، رۆژنامەنووسی دیاری رۆژنامەی مارکا بەشداری لە بەرنامەی “Rothen s’enflamme”ی رادیۆی مۆنتی کارلۆ (RMC) کرد و دووپاتیکردەوە، ریال مەدرید رووبەڕووی کێشەیەکی راستەقینە بووەتەوە؛
لە ریال مەدرید دۆخەکە جێگیر نییە، هەمووان زیاتر لە بردنەوەی کلاسیکۆ باسی رووداوەکەی ڤینیسیۆس دەکەن، ئەمە بووەتە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ یانەکە.
رۆڵی ڤینیسیۆس وەکو جاران نییە، لەم وەرزەدا زۆربەی کات گۆڕانکاری پێکراوە، کەچی وەرزی رابردوو، ئەستێرەی یەکەمی یانەکە بوو.
لەگەڵ گەیشتنی ئێمباپێ، هاوکێشەکە بەتەواوی گۆڕاوە، نازانم ژووری جلگۆڕینی یانەکە تاوەکو چ رادەیەک لەگەڵ ئەم دۆخە هاوڕایە، بەڵام رۆدریگۆش شەش مانگە هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
یاریزانانی یانەکە زیاتر لە ڤینیسیۆس نزیکن نەک چابی ئاڵۆنسۆ، کەچی ئێستا هاندەرانی ریال مەدرید پەیوەندییەکی ساردیان لەگەڵ ڤینی هەیە.
🇪🇸 “Les joueurs sont plus du côté de Vinicius que du côté de Xabi Alonso” selon Pablo Polo, journaliste à Marca et invité sur RMC ce soir.https://t.co/fr9iTXReZ0
— RMC Sport (@RMCsport) October 28, 2025
هەرچەندە ڤینی یەکێکبووە لە دیارترین یاریزانانی ریال مەدرید لە چەند وەرزی رابردوودا، بەڵام لەم وەرزەدا تەنیا لە سێ یارییدا بەتەواوی یارییکردووە، سێ جاریش یەدەک بووە، ئەمەش پاشەکشەی لە نێو یانەکە پشتڕاستدەکاتەوە.
ریال مەدرید یەکسانی قبووڵ نییە
رۆژنامەنووسە نزیکەکە لە دۆخی ریال مەدرید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت؛
تەواوی یاریزانانی ریال مەدرید پێیانوایە، مەدرید لەگەڵ ڤینیسیۆس بەهێزترە، بەڵام یاریزانەکە تاوەکو ئێستا شۆکی لەدەستدانی خەڵاتی باڵۆنی دۆری 2024ی بەرنەداوە.
گرێبەستی ئەستێرە بەڕازیلییەکە لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو هاوینی ساڵی 2027 بەردەوامە و گفتوگۆی نوێکردنەوەی گرێبەستیش وەستاوە.
لە ماوەی رابردوودا، باس لە گرنگیپێدانی ڤینیسیۆس لەلایەن چەند یانەیەکی سعوودی کرا، بەڕێوەبەری کارەکانی ئەستێرەکەش دەیەوێت ئەم بابەتە بۆ زیادکردنی مووچەی ڤینی بقۆسێتەوە.
ڤینی دەیەوێت مووچەکەی لەگەڵ ئێمباپێ یەکسان بکرێت و ساڵانە بڕی 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆی بێ باج وەربگرێت، بەڵام فلۆرێنتینۆ پێرێز خۆی سەرپەرشتی کەیسەکە دەکات و بێڕیاری کۆتایی نەداوە.
رۆژنامەنووسەکە دووپاتیدەکاتەوە، ریال مەدرید نایەوێت دەرگای یەکسانی دارایی لە نێوان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس بکاتەوە.



