Loading...
ئاسیائیسپانیاگرنگترین

ریال مەدرید جارێکی دیکە لە ئەنجوومەنی وەرزشی سکاڵا لە دژی بارسێلۆنا تۆماردەکات

ناکۆکییەکان خەریکە دەبنە سیاسی و یاسایی

Yariga App

یاریگا –

ریال مەدرید هەنگاوەکانی لە دژی گواستنەوەی یاریی نێوان بارسێلۆنا و ڤیاڕیال بۆ دەرەوەی ئیسپانیا چڕدەکاتەوە.

زۆربەی یانەکانی لالیگا دژی بڕیاری گواستنەوەی یارییەکەن، بەڵام ریال مەدرید کەیسەکە دەباتە دادگا و بەتووندی دژی دەوەستێتەوە.

رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ریال مەدرید بەفەرمی نووسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەرزشی ئیسپانیا کردووە و دژی بڕیاری گواستنەوەی یاریی بارسێلۆنا و ڤیاڕیال وەستاوەتەوە.

ریال مەدرید بە بیانووی ئەوەی گواستنەوەی یارییەکە ”رکابەریی لالیگا تێکدەدات” نووسراوەکەی ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەرزشی ئیسپانیا کردووە.

دوای گەیشتنی نووسراوەکە، ئەنجوومەنی وەرزش داوای زانیاری وردی لە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا داوای نووسراوەکەی ریال مەدریدی کردووە، تاوەکو ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکان بێت و دواتر وەڵامی ئەنجوومەنی وەرزش بداتەوە.

رۆژنامەکە لە درێژەی راپۆرتەکە نووسیویەتی؛ ئاڵوگۆڕکردنی نووسراو لە نێوان دامەزراوەکان، ئاڵۆزی کەیسەکە پیشاندەدات. چوار دامەزراوەی گەورە بەگوێرەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەنگاو دەنێن.

دامەزراوەکان بریتین لە لالیگا، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا، لێژنەی یاریزانان و ئەنجوومەنی وەرزشی و ئێستا یانەیەکی وەکو ریال مەدریدیش دەچێتە نێو هاوکێشەکە و ئەوەندەی دیکە کەیسەکە ئاڵۆز دەبێت.

خەونێکی لەمێژینەی لالیگا

پێشنیازی گواستنەوەی یارییەکانی لالیگا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نوێ نییە. لە ساڵی 2018، لالیگا رێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای ”رێلێڤێنت سپۆرتس – Relevent Sports” بۆ گواستنەوەی چەند یارییەکی لالیگا بۆ مەیامی بۆ ماوەی 15 ساڵ واژۆ کرد. بەڵام فیفا، یوێفا، یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا و چەند یانەیەک بە تووندی دژی پێشنیازەکە وەستانەوە، بۆیە هەوڵەکە شکستی هێنا.

لەساڵی 2019 پێشنیازی گواستنەوەی یاریی نێوان جیڕۆنا و بارسێلۆنا کرا، بەڵام دەستبەجێ بیرۆکەکە هەڵپەسێردرا.

ئەنجوومەنی وەرزشی ئیسپانیا هەوڵدەدات رۆڵی نێوەندگێڕ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بگێڕێت، چونکە ئێستا بابەتەکە لە وەرزش دەرچووە و لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی سیاسی و یاسایی.

بابەتی زیاتر

Back to top button