کریستیانۆ رۆناڵدۆ بە هاوکاری سعوودیە دەبێتە دەوڵەمەندترین یاریزان
پڕۆژەی ملیاردێرەکانی ئاژانسی بلوومبێرگ راپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە

یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە شکاندنی ریکۆردەکان ناوەستێت و ئەمڕۆ وەکو یەکەم یاریزانی تۆپی پێ، بووە ملیاردێر.
بەدرێژایی ژیانی پیشەگەری، رۆناڵدۆ بە چەندین خاڵی وەرچەرخانی گەورە تێپەڕیوە، لەوانە گواستنەوەی بە گرێبەستێکی پێوانەیی لە مانچێستەر یونایتد بۆ ریال مەدرید و دواتر واژۆکردنی گرێبەستێکی مێژوویی لەگەڵ نەسڕی سعوودی.
ئاژانسی بلوومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، رۆنالدۆ وەکو یەکەم یاریزانی تۆپی پێ بووە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.
رۆناڵدۆ جیا لە داهاتی تۆپی پێ، سوودی لە ناوەکەی وەرگرتووە و دەیان بزنسی داناوە، ئەمە جیا لە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای گەورەی وەکو ئارمانی و نایکی. هەرچەندە تەمەنی 40 ساڵە و لە کۆتایی کاروانی وەرزشی نزیکبووەتەوە، بەلام گرێبەستە نوێیەکەی لەگەڵ نەسڕ، هاوکێشەکانی گۆڕی و بەهای ئێستای گرێبەستەکەی بریتییە لە 400 ملیۆن دۆلار.
بەگوێرەی بلوومبێرگ، بەم گرێبەستە نوێیە، سامانی رۆناڵدۆ بۆ 1.4 ملیار دۆلار بەرزبووەوە. هەرچەندە بەدرێژایی 20 ساڵی رابردوو، رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی مووچەی نزیک لە یەکتر وەردەگرت، بەڵام لە ساڵی 2023 و دوای گواستنەوەی بۆ نەسڕ، هەموو هاوکێشەکە گۆڕا.
بە هەژاری گەورە بووە
لە 30 ساڵی رابردوودا، وەبەرهێنان لە پیشەسازی تۆپی پێ بە شێوەیەکی زۆر خێرا زیادیکرد، ئەمەش هاوتەریب بوو لەگەڵ درەوشانەوەی رۆناڵدۆ.
کریستیانۆ لە دوورگەی مادێرا گەورە بووە و لە تەمەنی 14 ساڵیدا وازی لە خوێندن هێنا و سەرنجی تەواوی لەسەر تۆپی پێ دانا. لەگەڵ سپۆڕتینگ لیسبۆن درەوشایەوە و سەرنجی گەورەکانی راکێشا و لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد کرد، دوای شەش ساڵ چووە ریال مەدرید و یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی مێژووی یارییەکەی واژۆکرد.
ئێستا لە مادێرا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی رۆناڵدۆ، مۆزەخانەی رۆناڵدۆ و دەیان دامەزراوەی بە ناوی ئەستێرەکە کراون.
رۆناڵدۆ بە ناوی رۆناڵد ریگان، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا ناونراوە. لە ساڵانی نێوان 2003 تاوەکو 2023 رۆناڵدۆ زیاتر لە 550 ملیۆن دۆلاری وەکو مووچە وەرگرتووە، هەروەها بڕی 18 ملیۆن دۆلاری ساڵانە لە کۆمپانیای نایکی وەردەگرێت، جیا لە چەندین گرێبەستی دیکەی بازرگانی لەگەڵ ئارمانی و کاستڕۆڵ، ئەم گرێبەستە بازرگانیانە بڕی 175 ملیۆن دۆلاریان بۆ سامانەکەی زیادکردووە.
رۆناڵدۆ لە ساڵی 2023 بەبڕی 200 ملیۆن دۆلار مووچەی ساڵانەی بێ باج پەیوەندی بە نەسڕ کرد، جیا لە پاداشتی واژۆکردنی گرێبەست کە بریتیبوو لە 30 ملیۆن دۆلار.
رۆناڵدۆ دەیان وەبەرهێنانی گەورەی لە پۆرتوگال کردووە، هاوڕێ نزیکەکانی سەرپەرشتی کارەکان دەکەن، چونکە رۆناڵدۆ دەیەوێت بازنەی بچووکی خۆی خاوەنی بزنس بن و بتوانن یارمەتی بدەن.
رۆناڵدۆ چەندین هۆتێل، هۆڵی وەرزش، دامەزراوەی میدیاییە لە پۆرتوگال، بەڵام ئەمانە بزوێنەری سەرەکی دەوڵەمەندبوونی رۆناڵدۆ نین.
کریستانۆ وەبەرهێنانێکی زۆری لە کەرتی خانووبەرە کردووە، لەوانەیە کڕینی کۆشکێک لە مادێرا، هەروەها کڕینی پەینت هاوسێک لە لیسبۆن کە گڕی لە بازاڕی خانووبەرەی لیسبۆن بەردا. ئێستا کریستیانۆ خەریکی دروستکردنی شارێکی گەورەی گۆڵفە لە نزیک لیسبۆن و کۆی تێچووەکەی دەگاتە 20 ملیۆن دۆلار. ماڵە نوێیەکەی رۆناڵدۆ بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران و خەڵکی ناوچەکە.
رۆناڵدۆ یەکێکە لە بەناوبانگترین کەسایەتییەکانی جیهان لە تەنیا لە پلاتفۆڕمی ئینستاگرام خاوەنی 660 ملیۆن فۆڵۆورسە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وایکرد سعوودیە هەموو هەوڵێک بۆ گواستنەوەی بدات، چونکە توانی بە شێوەیەکی ئەرێنی سعوودیە و گەشتیاری وڵاتەکە بە جیهان بناسێنێت.
جیاوازی سامانەکەی رۆناڵدۆ چییە؟
سامانی زۆربەی یاریزانانی ئێستا پەیوەستە بە مووچەی ساڵانەیان، بەڵام رۆناڵدۆ وەبەرهێنانی لە دەیان کەرتی جیاوازکردووە بە شێوەیەک داهاتەکەی فرەچەشن کردووە، رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلار قازانج دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بلوومبێرگ، رۆناڵدۆ 15%ی پشکی لە یانەی نەسڕ کڕیوە، ئەمەش وەکو داهاتێکی درێژخایەن سەیر دەکرێت.
لەدوای وازهێنانی لە یارییکردن، رۆناڵدۆ دەتوانێت سامانەی زیاتر بکات و پەرە بە وەبەرهێنانە جیاوازەکانی بدات.