فیفا بۆ تڕەمپ: ئێمە بڕیاردەرین نەک تۆ

یەکێتی تۆپی پێی جیهان هۆشیاری دەداتە دۆناڵد تڕەمپی سەرۆکی ئەمریکا کە دەستوەردان لە کاروبارەکانیان نەکات لە میانەی بەڕێوەچوونی جامی جیهانیی لەو وڵاتەدا لە ساڵی ئاییندە.
تڕەمپ وتبووی رەنگە چەند یارییەکی مۆندیال بگوازرێتەوە دەرەوەی سان فرانسیسکۆ و سیاتڵ ئەگەر باری ئەمنیی شارەکان وەک پێویست نەبوو. ئەوەشی نەشاردبووەوە هۆکارەکەی ئەوەیە ئەو شارانە لە دەستی نەیارەکانی ئەودان:
سیاتڵ و سان فرانسیسکۆ لەلایەن چەپە توندڕەوە شێتەکانەوە بەڕێوەدەبرێن کە خۆشیان نازانن چی دەکەن. ئەگەر هەست بکەین مەترسی هەیە لەسەر جامی جیهانی ئەوا گۆڕانکاری لە شارەکان دەکەین بۆ چەند یارییەک.
ئەم پرسە رووبەرووی ڤیکتۆر مۆنتالیانی جێگری سەرۆکی فیفا کرایەوە، لە میانەی هەفتەی سەرکردەکانی لەندەن، ئەویش لە وەڵامدا وتی
ئەمە پاڵەوانێتییەکی فیفا یە، لەژێر دەسەڵاتی فیفا دایە و فیفا ئەو بڕیارانە دەدات
Kicking off The Summit at #LeadersWeekLondon:@FIFAcom Vice President Victor Montagliani on stage, tackling questions around the 2026 World Cup in the US. pic.twitter.com/B8FKID788p
— Leaders Business (@LeadersBiz) October 1, 2025
ڤیکتۆر سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی ئەو کێشانەی لە جامی جیهانی یانەکان هەبوون لە ئەمریکادا وتی
مۆندیال کاڵایەکی جیاوازە لە جامی جیهانی یانەکان. ئێمە پێمان وایە جامی جیهانی یانەکان زۆر سەرکەوتوبوو، وە هەندێک ئەزموونی تەکنیکی ئەو پاڵەوانێتییە سوود لێدەبینین بۆ باشترکردنی مۆندیال بەڵام لە دوو کاڵای زۆر جیاوازن. چونکە مۆندیال بۆ هەموو نەتەوەکانە و زۆر کەس سەیری یاری تۆپی پێ ناکەن بەڵام حەز بە ئەزموونکردنی مۆندیاڵ دەکەن و ئامادە دەبن لەوێ.
جامی جیهانی هەڵبژاردەکان لە 11ی مانگی شەشی ساڵی ئاییندە بەڕێوەدەچێت و بوونی ژمارەیەکی زۆر گرفت و کەمیی هاندەر وایان کردووە گومان دروست بێت لەسەر سەرکەوتنی ئەو پاڵەوانێتییە لە ئەمریکا. ئەمە جگە لە زیادبوونی تاوان و توندوتیژی لەو وڵاتەدا.