رووداوێکی سەیر؛ لە ژاپۆن راهێنەرێک کەلوپەلەکانی یانەکەی دەفرۆشێت و رادەکات

یاریگا –
راهێنەری یانەیەکی پلە دووی ژاپۆن، بەبێ مۆڵەت ئامێر و پێداویستی یانەکەیانی فرۆشتووە و رادەکات.
رووداوێکی سەیر لە ئاکادیمیای جوبیلۆ ئیواتا، یانەیەکی ژاپۆنی لە خولی پلە دووی ئەم وڵاتەدا رووید. بە گوێڕەی زانیارییەکانی میدیای ئەم وڵاتە، راهێنەرێکی ئاکادیمیاکە کەرەستە و پێداویستییەکانی یانەکەی دزی و بە بێ مۆلەت فرۆشتییەوە. ئێستاش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر کراوە. بڕی زیانەکانی بەم یانەیە کەوتووە بە دوو ملیۆن و 800 هەزار یێنی ژاپۆنی ( نزیکەی 18 هەزار دۆلار ) مەزەندە دەکرێت.
یانەی جۆبیلۆ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆیدا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و نووسی:
ئاگادارتان دەکەینەوە لە هەڵسوکەوتی نادروستی یەکێک لە راهێنەرانی ئاکادیمیاکەمان، لە دڵەوە خەمبارین لەوەی رووداوێکی لەو شێوەیە روویداوە و داوای لێبوردنیش دەکەین بۆ ئەو نیگەرانییەی کە لای هاوبەشەکانمان و خاوەن پشکەکانمان و هاندەران و هەروەها یاریزانان و دایک و باوکیان درووست بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی یانەکە، راهێنەری ئاکادیمیاکە بەشێوەیەکی نایاسایی بەشێک لە کەرەستەی یانەکەی بردووە و فرۆشتوویەتی. گرێبەستی ئەو راهێنەرە لە 25ی ئەیلولدا هەڵوەشایەوە و بڕی زیانەکانیش بە 2.8 ملیۆن یێن مەزەندە کرا. یانەکە بەدوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیدا دەگەڕێت و بابەتەکەش گەیشتووەتە لای یەکێتی تۆپی پێی ژاپۆن.
جۆبیلۆ جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ریگری کردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوێکی لەمشێوەیە لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو بەشەکانی یانەکە دەبێت و چاودێری دەکات. هەروەها ئەم پێشێلکارییە بە جددی وەردەگرن و پابەندن بە دووبارە بنیاتنانەوەی سیستەمی چاودێری ناوخۆیی و گەڕاندنەوەی متمانەی هاندەران و هاوبەشەکانیان.



