
یاریگا –
هانزی فلیک، لە چەند هەفتەی رابردوودا دەریخستووە کە گونجاندنی مارکۆس راشفۆرد لەگەڵ تاکتیکەکانی تیپەکەی یەکێک بووە لە کارە لە پێشینەکانی.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە، لە کاتی ئامادەنەبوونی لامین یامالدا، دەرفەتێکی تەواو و گونجاوی بە هێرشبەرە ئینگلیزییەکە داوە.
لامین کە دوێنێ لەگەڵ تیپەکە مەشقی کرد و گەڕایەوە، لە چوار یاری کۆتاییدا بارسا بەشداری نەکردبوو کە بریتی بوون لە بارسا-ڤالێنسیا (6-0)، نیوکاسڵ-بارسا (1-2)، بارسا-خیتافی (3-0) و ئۆڤیێدۆ-بارسا (1-3). راشفۆرد لەم یارییانەدا جێگەی یامالی لە پێکهاتەی فلیکدا پڕ کردبوویەوە جگە لە یارییەکەی خیتافی کە بەهۆی دواکەتن لە مەشقەکان لەسەر کورسی یەدەگ دانیشت.
پێداگری فلیک بۆ هاتنی راشفۆرد لە هاویندا وایکرد یانە کاتالۆنییەکە گرێبەستی لەگەڵدا واژۆ بکات. دوای بردنەوەکەیان بەرامبەر نیوکاسڵ فلیک گوتی:
لە مانگی تەمموزدا قسەم لەگەڵ راشفۆرد کرد و پێم گوت پێویستم بە تۆیە لە تیپەکەمدا. گۆڵەکانی ئەمشەوی سەرسامیان نەکردم، چونکە خاوەن بەهرە و توانایەکی گەورەیە، لە مەشقەکاندا گۆڵی لەو جۆرەمان لەلایەن ئەوەوە بینیوە.
داواکاری فلیک لە راشفۆرد چییە؟
راهێنەرە ئەڵمانییەکە جەختی لەوە کردەوە، گۆڵ تۆمارکردنی راشفۆرد بۆ متمانە بەخۆبوونی گرنگە، بەڵام هێشتا فشار دەخاتە سەری بۆ ئەوەی هەنگاوی داهاتوو بنێت. فلیک دەڵێت:
شێوازی یاریکردنمان زۆر چڕ و پڕە و چاوەڕوانی زۆری لێی دەکەم. کاتێک دێیتە یانەیەکی نوێ دەبێت خۆت لەگەڵ فەلسەفەیەکی نوێدا بگونجێنیت، بەڵام پێموایە لە کاتێکی باشدا هاتووە، باوەڕم بە کوالیتییەکەی هەیە، بەڵام دەبێت بەردەوام هەوڵ بدات، دەبێت هەموو رۆژێک زیاتر پێشبکەوێت، لەگەڵ هەموو بارودۆخێکدا خۆی بگونجێنێت و بەردەوامیش دەبم لە فشارخستنە سەری و پاڵپشتی تەواوی خۆمی پێدەدەم.
تاقیکردنەوەی راشفۆرد لە ئامادەنەبوونی یامالدا یارمەتی داوە لە باشترین ئاستی خۆی نزیک بێتەوە، بەتایبەتی ئێستا کە رافینیا بۆ ماوەی سێ هەفتە لە یاریگاکان دوورکەوتووەتەوە.
گەڕانەوەی لامین یامال دەیتوانی جێگەی راشفۆرد لە پێکهاتە نەهێڵێت، بەڵام پێکانەکەی رافینیا جارێکی تر هاوکێشەکەی گۆڕیوە. پێدەچێت راشفۆرد لە یارییەکانی داهاتوودا لە باڵی چەپدا بمێنێتەوە، لامین لە لای راست و فێران تۆرێس و لیڤاندۆڤسکی رکابەری لەسەر رۆڵی ژمارە 9 دەکەن. بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە کە فێران و لامین و لیڤاندۆڤسکی پێکەوە یاریی پێبکات. هەروەها رۆنی بەرداخچیش وەک بژاردەیەک لەسەر کورسی یەدەگ دەمێنێتەوە.