
یاریگا –
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ‘فیفا’ وادەیەکی دیاریکراو و هۆشدارییەک بە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەدات.
لێژنەی کاروباری یاریزان و راهێنەرانی فیفا بە نووسراوێکی فەرمی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقی لە خەرجکردنی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلار بۆ خێسوس کاساس، راهێنەری پێشووی عێراق و ستافەکەی ئاگادارکردووەتەوە.
لەدوای دوورخستنەوەی تاکلایەنەی کاساس و یاریدەدەرانی لە هەڵبژاردەی عێراق، راهێنەرە ئیسپانییەکە و ستافەکەی لە دوو مانگی رابردوودا بە فەرمی سکاڵایان لە دژی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە فیفا تۆمارکرد.
فیفا بە فەرمی داوای لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کردووە، بڕی 2.2 ملیۆن دۆلار بۆ کاساس و ستافەکەی وەکو قەرەبووی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست خەرجبکات، تەنانەت بەگوێرەی گرێبەستی نێوانیان، پێویستە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق 5% وەکو زیادە و پێشێلکردنی گرێبەست، بۆ مووچەکانیان تاوەکو 28ی ئادار/مارسی ساڵی 2025 تاوەکو تەواوکردنی خەرجکردنی پارەکە زیاد بکات.
هەرچەندە کاساس داوایکردبوو، دەستبەجێ تەواوی پارەکە خەرج بکرێت و بگوازێتەوە هەژمارێکی بانکی کە هاوپێچی سکاڵاکە کراوە، بەڵام فیفا داواکەی رەتکردووەتەوە.
فیفا ماوەی 45 رۆژی وەکو مۆڵەت بە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق داوە و دەبێ پێش تەواوبوونی ئەم وادەیە، پارەکە خەرجبکرێت.
لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکان، فیفا چەند سزایەک بەسەر عێراق دەسەپێنێت و فایڵەکەی رادەستی لێژنەی رێککاری فیفا دەکات.
قەرەبووەکە چۆن دابەش دەکرێت؟
خێسوس کاساس – 525 هەزار دۆلار
سالڤادۆر رۆمێرۆ – 388 هەزار دۆلار
ئێسیدرۆ رامۆن – 348 هەزار دۆلار
ئالێخاندرۆ لۆپێز – 346 هەزار دۆلار
مانوێل ئالڤارۆ – 317 هەزار دۆلار
دەیڤد میلان – 296 هەزار دۆلار