
یاریگا :
دهۆک لە بەسڕه کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی هێنا بۆ یارییەکەی بەرامبەر شوڕتە، هەر دوو یانە ئامانجیان بە دەستهێنانی یەکەم سێ خاڵی ئەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاقە.
دوای شکستەکەیان لە یاریی رابردوو بەرامبەر گەڕمە، یەک شەممە ( 21ـی ئەیلولی 2025 ) کاتژمێر 6ـی ئێوارە دهۆک لە یاریگای فەیحا بەرامبەر شوڕتە یاریی دەکات، شوڕتە یاریی رابردووی بەرامبەر زەوڕا دواخرا بە هۆی بەشداریکردن لە خولی بژاردەی پاڵەوانانی ئاسیا.
سلێمان رەمەزان، یاریدەدەری راهێنەری دهۆک دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەیان و گرنگی یارییەکە گوتی:
یارییەکە بۆ هەر دوو تیپ گرنگە چونکە دەمانەوێت یەکەم سێ خاڵی خولەکە بەدەست بهێنین، یارییکردن بەرامبەر یانەیەک کە چوار وەرزی رابردوو بۆتە پاڵەوان ئاسان نیە، بەڵام نابێ ئەوەش لەبیر بکەین کە ئێمە پاڵەوانی جامی کەنداوین، ئامادەکارییەکانمان باشە و ئێمە ئامادەین بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە.
مستەفا نەواف، یاریزانی دهۆک دەربارەی ئامادەکاری تیپەکەیان بۆ یارییەکە رایگەیاند:
ئامادەنەبوونی هاندەرانمان لە یاریی رابردوو کاریگەری تەواوی هەبوو لە سەر ئاست و ئەنجامەکە، راهێنەر کاریکردووە لەسەر خاڵە لاوازەکان و نامانەوێت بە ئاسانی خاڵ لە دەست بدەین، دەزانین یارییەکە قورسە، بەڵام کێ هەلەکان بقۆزێتەوە ئەو سەرکەوتوو دەبێت.
شوڕتە بەهۆی تەواو نەبوونی یاریگاکەی یارییەکانی سەرەتای ئەم وەرزەی لە بەسڕە و تایبەت لە یاریگای فەیحا دەکات، یاریی داهاتووی دهۆک لە یاریگای خۆی بەرامبەر کەرخ دەبێت و شوڕتەش لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ نەورۆز یاریی دەکات.