هانزی فلیک باس لە ئاستە بەرزەكەی راشفۆرد و بردنەوەكەیان دەكات
’راشفۆرد سەرسامی نەكردم’

یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی باس لە بردنەوەكەیان بەرامبەر نیوكاسڵ و ئاستە بەرزەكەی ماركوس راشفۆرد دەكات.
شەوی رابردوو نیوكاسل لە یاریگای سانت جەیمس پاركی تایبەت بە خۆی میوانداری بارسێلۆنای كرد و یارییەكەش بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی یانەی میوان كۆتایی هات.
هەردوو گۆڵەكەی بارسێلۆنا لەلایەن ماركوس راشفۆرد لە خولەكەكانی 58 و 67 كران و ئانتۆنی گۆردن لە خولەكی 90 ئەنجامەكەی بۆ نیوكاسڵ كەمتر كردەوە.
Job done in Newcastle ✅ pic.twitter.com/RoLybYXJOn
— FC Barcelona (@FCBarcelona) September 18, 2025
لە دوای یارییەكە هانزی فلیک گوتی:
ئەوە گرنگ بوو كە یارییەكانی وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگمان بە بردنەوە دەستپێكرد، هەروەها ئاستێكی بەرزیشمان پێشكەشكرد.
بە یاریزانەكانم گوت 15 خولەكی سەرەتای یارییەكە زۆر گرنگە كە هیچ گۆڵێكمان لێنەكرێت، چونكە ئەوان فشارێكی زۆر دەكەن، لەو كارەشدا سەركەوتوو بووین.
هەڵەی زۆرمان كرد، بەڵام دڵخۆشم چونكە لە یارییەكەدا كارێكی باشمانكرد و بەرێژەی %64 تۆپ لەلای ئێمە بوو، ئەمەش كارێكی زۆر ئەرێنییە.
راشفۆرد دوو گۆڵی نایابی كرد، گرنگ ئەوەیە متمانەی خۆی بەدەستهێنا، ئێمەش لەو كارەدا یارمەتی دەدەین.
بە ئاستی راشفۆرد سەرسام نەبووم، پێشتریش گوتومە ئەو یاریزانێكی گەورەیە، بەهرەیەكی زۆری هەیە، توانای سەرسوڕهێنەری هەیە و لە یارییەكانی پێشووشدا هەلی زۆری درووستدەكرد، گۆڵكردن بۆ هەموو هێرشبەرێک گرنگە.
پێش دەستپێكردنی یارییەكانی وەرزی نوێ لەگەڵ دیكۆ دەربارەی پێوویستییەكانی تیمەكەم قسەم كرد و پێم گوت پێوویستیم بە یاریزانێكی وەک راشفۆرد هەیە، زۆر دڵخۆشم كە ئەو یاریزانە لە تیمەكەی مندایە.
بارسێلۆنا لە دووەم یاریی قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی پاڵەوانی وەرزی رابردووی پاڵەوانییەتیەكە پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.