ئێمباپێ نزیکە لەوەی بە درێسی ریال مەدرید ژمارە پێوانەییەکی نوێ تۆمار بکات

یاریگا –
ئێمباپێ بە درێسی ریال مەدریدەوە لە لێواری تۆمارکردنی 50 گۆڵدایە و ئەگەری بەدەستهێنانی ئەم ژمارەیە بەرامبەر مارسیلیا زۆرە.
دوای 13 مانگ لە گەیشتنی بۆ مەدرید، کیلیان ئێمباپێ لە بەرزترین ئاستی خۆیدایە. هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە تۆمارکردنی 48 گۆڵ لە یاری فەرمیدا، تەنیا دوو گۆڵی ماوە بۆ گەیشتن بە 50 گۆڵ بە درێسی لۆس بلانکۆس، ئامارێک کە دەرخەری ئەوەیە پاڵەوانی مۆندیالی 2018 لەگەڵ تاکتیکی یانە نوێیەکەیدا گونجاوە و بەرزترین ئاست پێشکەش دەکات.
بە گوێڕەی بانگەشەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئێمباپێ هەموو یارییەک بە هەنگاوێک دەزانێت بەرەو یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ، جامێک کە لە پاریس سانجێرمان لێی بێبەش بوو و ئێستا ئامانجی سەرەکییەتی، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی تیپەکەی لویس ئێنریکی.
کیلیان لەماوەی ئەم سێزدە مانگەدا، حەوت مانگ گۆڵکاری یانەکەی بووە و پێش هێرشبەرەکانی ئێستای مەدرید کەوتووەتەوە. کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە 53 یاریدا توانی بگاتە 50 گۆڵ؛ ئێمباپێ دەتوانێت لە 64ـەمین یاری خۆیدا ئەو ژمارەیە بەدەستبهێنێت، ئەویش بە تۆمارکردنی دوو گۆڵی ئەمشەو بەرامبەر مارسیلیا.
مارسیلیا کە رکابەری دێرینی پاریس سانجێرمانە، ئەمشەو دووبارە دەبێتەوە نێچیری ئێمباپێ. هیرشبەرە فەڕەنسییەکە تا ئێستا لە 16 یاریدا بەرامبەر یانە فەڕەنسییەلە 10 گۆڵی تۆمارکردووە. ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەیشتن بەم ژمارە پێوانەییە.



