
یاریگا –
کەسێک بە تۆمەتی سووکایەتی رەگەزیی بە ئەستێرەیەکی ئاتلێتیک بیلباو، بۆ ماوەی ساڵێک زیندانی دەکرێت.
لە یارییەکی ساڵی 2020 لە نێوان ئاتلێتیک بیلباو و ئیسپانیۆل، کەسێک سووکایەتی رەگەزپەستی بە ئیناکی ویڵیامس، هێرشبەری بیلباو کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی داواکاری گشتی بارسێلۆنا، تاوانبارەکە لاسایی دەنگی مەیموونی کردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ویڵیامس کردووە. ئەمە یەکەم حاڵەتی رەگەزپەرستییە دەگاتە دادگاکانی ئیسپانیا.
لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا، حاڵەتەکانی رەگەزپەرستی لە ئیسپانیا زۆر بووە. ڤینیسیۆس جونیۆر، چەندینجار هوتافی رەگەزپەرستی لە دژیکرا و دیارترینیان لە یارییە بەناوبانگەکەی ریال مەدرید بوو بەرامبەر ڤالێنسیا لە یاریگای مێستایا.
لە کەیسەکەی ویڵیامس، سەرەتا داواکاری گشتی سزای زیندانی دوو ساڵی بەسەر تاوانبارەکە سەپاند، بەڵام تاوانبارەکە ئامادەبوو لەجیاتی ساڵێک، پێبژاردن بدات، هەروەها پابەندی بڕیاری قەدەخەی ئامادەبوون بۆ ماوەی سێ ساڵ لە یاریگاکانی تۆپی پێ دەبێت.