ئه‌مریکابازاڕی گواستنه‌وه‌کوردستانگرنگترین

یاریزانێکی نێودەوڵەتی لە گواستنەوەی بۆ هەولێر پەشیمان دەبێتەوە

تۆڕی وەرزشی یاریگا لە بەدواداچوونێکدا کۆمەڵێک زانیاری دەستکەوتووە

Yariga App

یاریگا –

یانەی هەولێر لە 20ی ئەم مانگە گواستنەوەی ئەستێرەیەکی پێشووی ئینتەر مەیامی راگەیاند، بەڵام پڕۆسەکە تاوەکو ئێستا سەری نەگرتووە.

هەولێر گواستنەوەی دامیۆن لۆوی، بەرگریکاری پێشووی ئینتەر مەیامی و ئەخدوودی سعوودی راگەیاند و کاردانەوەیەکی ئەرێنی گەورەی لە نێو هاندەران دروستکرد، بەڵام خەریکە گواستنەوەکە هەرەسدەهێنێت.

لۆوی پێشتر لە خولی سعوودی بەرامبەر کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لە خولی ئەمریکی بەرامبەر لیۆنێل مێسی یارییکردووە، بۆیە بە گواستنەوەیەکی گەورە بۆ هەولێر و خولی ئەستێرەکانی عێراق هەژمارکرا.

تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیویەتی، یاریزانە جامایکییەکە لە بڕیارەکەی پەشیمانبووەتەوە و نایەوێت لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات.

سەرچاوەکە روونیکردووەتەوە، بەرگریکارە نێودەوڵەتییە جامایکییەکە داوای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر دەکات و بیانووی رێگری یاسایی هێناوەتەوە.

بەگوێرەی قسەکانی لۆوی بێت، یاساکانی وڵاتەکەی رێگە نادەن ڤیزای عێراق لەسەر پاسپۆرتییان بدرێت، چونکە لە داهاتوودا کێشە بۆ گەشتەکانی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دروستدەبێت.

تۆڕی وەرزشی یاریگا بەدواداچوونێکی وردی بۆ کەیسی لۆوی کردووە، بەگوێرەی یاسا بەرکارەکانی جامایکا، هیچ رێگرییەک لە گەشتی جامایکییەکان بۆ عێراق نییە، تەنانەت جامایکییەکان دەتوانن دوای بەدەستهێنانی ڤیزەی کارکردن لە عێراق، بە ئازادی کار بکەن.

یاریگا لە سەرچاوەیەکی دیکە زانیویەتی، دامیۆن لۆوی بە دەستەی کارگێڕی هەولێری راگەیاندووە، هەڵگری وڵاتینامەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە و ئەمەش پێچەوانەی یاساکانی وڵاتەکەیە یاریی لە عێراق بکەیت، بەڵام لە بەدواداچوونێکی یاریگا دەرکەوتووە، حکومەتی ئەمریکا و ئیدارەی دۆناڵد تڕەمپ، هیچ رێگرییەک لەم جۆرە چالاکیانە ناکات و هەر کەسێکی هەڵگری وڵاتینامەی ئەمریکا، دەتوانێت دوای تەواوکردنی رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزە و پەیداکردنی سپۆنسەر (وەکیل) لە عێراق کار بکات.

یانەی هەولێر لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیەوە خەریکی رازیکردنی لۆویین، بەڵام تاوەکو ساتی نووسینی ئەم بابەتە، بەرگریکارە جامایکییەکە ئامادەنییە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی بکات.

لۆوی لە هاوینی ساڵی رابردوو لە یانەی فیلادێلفیای ئەمریکی پەیوەندی بە ئەخدوود کرد، لەگەڵ یانەکە بەشداری لە 23 یارییدا کردووە و تەنیا یەک ئەسیستی هەبووە.

پێشتر لۆوی یاریی بۆ یانەکانی ئینتەر مەیامی، ئیتیحاد ئەلکسەندەرییەی میسڕی، IKی ستارتی نەرویجی، مینێسۆتای ئەمریکی و چەندین یانەیەکی دیکە کردووە.

لۆوی لەدایکبووی کینگستن، پایتەختی جامایکە و تەمەنی 32 ساڵە و وەکو دڵی بەرگری یارییدەکات.

بەرگریکارە جامایکییەکە 57 یاریی لە خولی ئەمریکی و 22 یاریی لە خولی رۆشنی سعوودیە، 27 یاریی لە خولی پلەیەکی نەرویج و 30 یاریی لە خولی نایابی میسڕی کردووە.

 

View this post on Instagram

 

A post shared by Yariga.Net (@yarigaone)

بابەتی زیاتر

Back to top button