راپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

تۆڕی وەرزشی یاریگا پلانی یەکێتیی بۆ یانەی نەورۆز ئاشکرا دەکات

چارەنووسی یانەکە چی بەسەردێت و کێ جڵەودەگرێتە دەست؟

Yariga App

یاریگا –

دوای گرژییەکانی ئەم دواییەی سلێمانی و دەستگیرکردنی چەند سەرکردەیەکی بەرەی گەل، گومانی زۆر لەسەر داهاتووی یانەی نەورۆز دروستبوو.

سەرچاوەیەکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە تۆڕی وەرزشی یاریگای راگەیاندووە، پێگەی یانەی نەورۆز وەکو خۆی و باشتر دەمێنێتەوە و هیچ مەترسییەک لەسەر داهاتووی یانەکە نییە.

سەرچاوەکە ئاگاداری پلانەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە بۆ دووبارە رێکخستنەوەی یانەی نەورۆز و تۆڕی وەرزشی یاریگا تەواوی وردەکارییەکان ئاشکرا دەکات.

بۆردی وەرزشی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان پلانێکی فراوانی بۆ یانەی نەورۆز داناوە و هەنگاوی یەکەمی بریتییە لە گۆڕینی تەواوی ستافی دەستەی کارگێڕی یانەکە و گۆڕینیان بە ژمارەیک کەسایەتی، بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێی یانەکە دروست بکات.

تۆڕی وەرزشی یاریگای لە سەرچاوەیەکی دیکەی نێو یەکێتیی نیشتمانی کوردستان زانیویەتی، بەرپرسانی باڵای حزبەکە بەڵێنی بەرەو پێشبردنی یانەکەیان داوە و لەم ساتەدا، دەستکاری هیچ ئەندامێکی دەستەی راهێنەران ناکرێت، بەڵکو پاڵپشتی تەواویان دەکرێت، بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێ بکەن.

سەرچاوەکە کە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکانی نەیوسیت ناوی ئاشکرا بکرێت دووپاتیدەکاتەوە، یەکێتیی پاڵپشتی دارایی تەواو بۆ نەورۆز ئامادە دەکات و بەمزووانە، هەموو کێشە هەڵواسراوەکانی پەیوەست بە یاریگا نوێیەکەی نەورۆز چارەسەر دەکرێن.

کورتکردنەوەی بڕیارەکان

  • هێشتنەوەی پێگەی نەورۆز وەکو خۆی
  • گۆڕینی تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی
  • دابینکردنی پاڵپشتییەکی دارایی گەورە
  • چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی یاریگای نەورۆز

نەورۆز یەکێکە لە دیارترین یانەکانی عێراق و کوردستان، یانەکە سەرەتا لە ساڵی 1994 بە ناوی یانەی ئەزمەڕ دامەزرا، دواتر لە ساڵی 2008 لەگەڵ یانەی کەمال سەلیم یەکیانگرتەوە و ناوەکەی کرایە نەورۆز. یانەکەی شاری هەڵمەت و قوربانی خاوەنی یەکێک لە جوانترین یاریگاکانی عێراقە و بە ئانفیڵدەکەی کوردستان ناوبانگی دەرکردووە.

نەورۆز لە 3ی یۆلیۆ/تەمووزی ساڵی 2021 بۆ یەکەمجار لە مێژوودا گەیشتە خولی ئەستێرەکانی عێراق. لە وەرزی رابردوودا بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ پلەی نۆیەمی بەدەستهێنا.

بابەتی زیاتر

Back to top button