مەترسیدارترین هێڵی هێرشبەری ئەوروپا؛ ئیزێ چی بۆ پلانەکانی ئارتێتا زیاد دەکات؟
ئیتر ئارتێتا داوای بردنەوەی هەموو نازناوێک دەکات

یاریگا –
ئێبێرێچی ئیزێ یەکێکە لە باشترین یاریسازانی دوو وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ و بەردەوام لەلایەن گەورەکان داواکرابوو.
میکێل ئارتێتا پێکهاتەیەکی تەواو جیاوازی بەراورد بە وەرزی رابردوو ئامادەکردووە، تەنیا کێشەی لە یاریی کراوە و دروستکردنی دەرفەتی گۆڵکردن هەبوو، بە گواستنەوەی ئیزێ، پڕۆسەکە ئاسانترە دەبێت.
ئارتێتا زۆر هەوڵی بۆ دۆزینەوەی هاوکێشەیەکی گونجاو بۆ باڵی چەپ و بەهێزکردنی کرد، ئێستا گەیشتە ئامانجەکەی.
هەریەکە لە لیاندرۆ ترۆسارد و گابریێل مارتینێلی لە باڵی چەپ یارییان دەکرد، بەڵام لە وەرزی رابردوودا نەیاینتوانی هاوشێوەی باڵی راست مەترسی دروستبکەن.

ئارسیناڵ لە باڵی راست خاوەنی بوکایۆ ساکا و مارتن ئۆدیگاردە، بە گواستنەوەی ئیزێش، باڵی چەپ دەبێتە یەکێک لە مەترسیدارترینەکانی پرێمەرلیگ.
هاوشان لەگەڵ نۆنی مادوێکێ، ئیزێ هێزێکی زۆر بە باڵی چەپ دەدات و دەیکاتە سەرچاوەیەکی خێرای دروستکردنی دەرفەتی گۆڵ. ئیزێ دەتوانێت وەکو یاریزانی ژمارە 10 خۆی پیشان بدات و بۆشاییەکانی یاریسازیش پڕبکاتەوە.
ئیزێ بژاردەی زۆر لەبەردەم ئارتێتا دەکاتەوە و ئیتر راهێنەرە ئیسپانییەکە هیچ بیانووێکی بۆ نەبوونی کەرەستەی پێویست لە هێڵی پێشەوە نامێنێت.
پێشتر یاریزانی هاوشێوەی ئیزێ لە پلانی راهێنەر زۆر گرنگ نەبوون، چونکە توانای جەستەییان بەهێز نەبوو، بەڵام لە تۆپی پێی پێشکەوتوودا، هەموو شتێک گۆڕاوە و یاریزانی لە توخمی ئیزێ، هاوکێشەکان دەگۆڕن، چونکە دەتوانن بە خێرایی و لەپڕ بەرگرییەکانی تیمی بەرامبەر ببەزێنن، لەگەڵ جووڵەی یەکەمییان، هاوشێوەی پوولەکانی دۆمینۆ، یەک بەدوای یەک دەکەون.
ئیزێ بەبوونی بۆشایی زۆر خێرا دەجووڵێت و باشتر تواناکانی پیشان دەدات، ئەمەش هەڕەشەیەکی دیکە بۆ تواناکانی زیاد دەکات و لەگەڵ یۆکێرێش و ساکا، دەبنە یەکێک لە مەترسیدارترین هێڵەکانی ئەوروپا.
یاریزانی 27 ساڵان هێزێکی زۆر بە پێکهاتەکەی ئارتێتا دەدات، چونکە دەتوانێت هاوکێشەکانی هێرشبەری یەکلاییبکاتەوە و لەوانەیە ئیتر ئەم وەرزە وەرزی شکاندنی ریکۆرد و بردنەوەی نازناوەکانی ئارسیناڵ بێت.
هەریەکە لە ئاندرێیا بێرتا، بەڕێوەبەری وەرزشی و تیم لێویس، جێگری سەرۆکی ئارسیناڵ سەرپەرشتی پڕۆسەی گواستنەوەی ئیزێیان کرد.
ئارسیناڵ لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا چەندین گرێبەستی گەورەی کرد لەوانە؛ کێپا ئاریزابالاگا، کریستیان مۆسکێرا، مارتن زوبیمێندی، کریستیان نۆرگارد، نۆنی مادوێکێ و ڤیکتۆر یۆکێرێش.
ئیزێ پێشتر یاریی لە ئەکادیمیای ئارسیناڵ کردووە و هاندەری منداڵی یانەکەیە، هەرچەندە گەنەرز حەزی لە گواستنەوەی بوو، بەڵام پێکانەکەی هاڤێرتز، هاوکێشەکەی بەخێرایی ئاوەژوو کردەوە.
ئیزێک لە هاوینی ساڵی 2020 لە کوینز پارک رەیجنەرزەوە بەبڕ 17 ملیۆن پاوەند پەیوەندی بە کریستال پاڵاس کرد. لەوساتەوە 169 یاریی بۆ هەڵۆکانی لەندەن کردووە و خاوەنی 40 گۆڵە. ئیزێ 12 یاریی نێودەوڵەتیشی لەگەڵ ئینگلتەرا کردووە و تەنیا یەک گۆڵی هەیە.