
یاریگا –
تۆماس مۆلەر، دوای جێهێشتنی بایرن میونشن و پەیوەندی کردنی بو ڤانکۆڤەر وایت کاپس، پەرتووکێکی کۆمیکی بڵاوکردەوە کە تێیدا گاڵتە بە رکابەرەکانی دەکات.
پەرتووکەکە کە 16 لاپەڕەیە و بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش ساتەوەختە تایبەتەکانی ژیانی وەرزشی مۆلەر دەگێرێتەوە.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەڵێت:
“من و تیپەکەم بیرمان لەوە کردەوە کە چۆن بتوانین ئەو یارییە سەرنجڕاکێشانە پیشانی هاندەران بدەین کە لە ماوەی ژیانی وەرزشیمدا کردوومن، بیرۆکەی بڵاوکردنەوەی پەرتووکیکی وێنەکێشم هەبوو بۆ ئەوەی بە هەموو زمانێک و لە هەموو شوێنێک و هەموو تەمەنێک لێیتێبگەن”.
لە نێو هەشت ساتەوەختە وەرزشییە ناوازەکانی هێرشبەرە تەمەن 35 ساڵانەکەدا، بردنەوەی بە ئەنجامی 4-0 لە ئەرجەنتین لە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2010ی ئەفریقای باشوور دیارترینیانە.
لە وێنەکەدا لیۆنێل مێسی بە نائومێدی لەسەر چیمەنی یاریگاکە دانیشتووە لەکاتێکدا یاریزانە ئەڵمانییەکان ئاهەنگ دەگێڕن. لە پەراوێزدا پێڵاوی زێڕین کە خەڵاتی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکە نمایش دەکرێت، کە مۆلەر لەگەڵ دیێگۆ فۆرلان (ئۆرۆگوای) و وێسلی سنایدەر (هۆڵەندا) و دەیڤد ڤیلا (ئیسپانیا) بە پێنج گۆڵ بەدەستیان هێنا.
🇩🇪✨ Thomas Müller released his own children's book which highlights the iconic moments from his career! 📚🎨 pic.twitter.com/tmb63e5TTR
— EuroFoot (@eurofootcom) August 17, 2025
ساتێکی تر، یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2020 لە شاری لیسبۆنە، کە تیایدا بایرن میونشن بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە پاریس سانجێرمانی بردەوە بەهۆی گۆڵەکەی کینگسلی کۆمان. لە وێنەکەدا ئەو ساتە دەردەخات کە کۆمان گۆڵ تۆمار دەکات، لە کاتێکدا نێیمار لە هێڵی ناوەڕاستدا بە نائومێدیەوە دەگری و پزیشکەکان بەرەو رووی رادەکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەوڵە دووبارەکانی بۆ راکێشانی سەرنجی خەڵک بە ساختەکاری.
مۆلەر لە ماوەی 17 ساڵ یاریی کردنی بۆ بایرن 13 نازناوی بۆندسلیگا و 8 جامی سوپەر و 6 جامی ئەڵمانیا و 2 چامپیۆنزلیگ و 2 جامی سوپەری ئەوروپا و جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێنا و دواجار ئەم هاوینە ئەڵمانیای بەرەو ئەمریکا جێهێشت.