هەولێر گرێبەستی سێ یاریزانی نوێکردەوە
باسم قاسم لە تۆکمەکردنی کەتیبەکەی بۆ وەرزی نوێ بەردەوامە....

یاریگا –
یانەی هەولێر گرێبەستی هەڵگورد قەیس و نیاز محەمەد و ئەرکان ئەمیری بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردەوە.
هەڵگورد قەیس لە هاوینی ساڵی 2024 لەسەر داوای سەمیر بابۆ لە پێشمەرگەی هەولێر گواسترایەوە هەولێر.
وەرزی رابردوو بەشداری لە 13 یاریی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا کرد، بەڵام هیچ گۆڵ و ئەسیستێکی نەبوو.
هەڵگورد قەیس پێشتر بانگهێشتی هەڵبژاردەی عێراق بۆ ژێر 19 و 20 ساڵ کراوە و یەکێکبووە لە یاریزانە دیارەکانی تەمەنەکەی.
هەڵگورد لەدایکبووی ساڵی 2005 (20 ساڵە) و قوتابی کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی سەڵاحەدینە لە هەولێر. بەهۆی سەرقاڵی بە تۆپی پێ، بۆ ماوەی دوو ساڵ مۆڵەتی وەرگرتووە.
لەلایەکی دیکەوە، لەسەر داوای باسم قاسم، هەولێر گرێبەستی نیاز محەمەدی بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردەوە.
نیاز هاوینی رابردوو لە تەڵەبەوە پەیوەندی بە هەولێر کرد، بەڵام لە پێکهاتەی سەرەکی سەمیر بابۆدا نەبوو. نیاز پێشتر یاریی بۆ یانەکانی تەڵەبە، مینا، نەورۆز، شوڕتە و ئەمانەی بەغدا کردووە.
لە وەرزی 2021-2022 لەگەڵ شوڕتە بووە پاڵەوانی خولی عێراق و بە یەکێک لە یاریزانانی کوردی سەرکەوتوو هەژمار دەکرێت.
یانەی هەولێر گرێبەستی ئەرکان ئەمیر، یاریزانی 32 ساڵەی کورد بۆ وەرزێکی دیکە نوێکردەوە.
ئەرکان یەکێکە لە یاریزانە بە ئەزموونەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق و پێشتر یاریی بۆ یانەکانی تەڵەبە، زاخۆ و دهۆک کردووە.