تەواو؛ نەورۆز هێرشبەرێکی پێشووی ئینتەر میلان دەگوازێتەوە
گۆڵکارێکی لێهاتووە..

یاریگا –
یانەی نەورۆز لەگەڵ هێرشبەرێکی پێشووی ئینتەر میلان و تۆرینۆ گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی نەورۆز لەگەڵ محەمەد بلخەیر، هێرشبەری جەزائیری گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی، یاریزانەکە بەمزووانە دەگاتە سلێمانی و گرێبەستەکەی لەگەڵ نەورۆز واژۆ دەکات.
محەمەد لە 2016 لە تیپی لاوانی هیلاس ڤێرۆنای ئیتاڵی پەیوەندی بە تیپی ژێر 19 ساڵانی ئینتەر میلان کردووە، دوو وەرز بەدوای یەک یاریی بۆ ئینتەر میلان کردووە و هەردوو وەرزەکە نازناوی خولی لاوانی ئیتاڵیای لەگەڵ ئینتەر بەدەستهێناوە و جیا لەوەش نازناوێکی جامی سوپەری ئیتاڵیای لاوانی لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێناوە.

جیا لە ئینتەر یاریی بۆ یانەکانی، بێسکارای ئیتاڵی، تۆرینۆی ئیتاڵی، سانجوانێنسێ و لایشۆینسی پۆرتوگالی، فۆرتونای هۆڵەندی کردووە و ئێستاش یاریزانی لا لۆڤیێری بەلجیکییە.
هێرشبەرە جەزائیرییەکە تاوەکو هاوینی 2026 گرێبەستی لەگەڵ یانە بەلجیکییەکە هەیە، بەهای ئێستای لە بۆڕسەی یاریزانان 900 هەزار یۆرۆیە.
یاریزانە تەمەن 26 ساڵانییەکە هەر بە درێسی ئەو یانە بەلجیکییە وەرزی رابردوو بەشداریی 29 یاریی کردووە، 15 گۆڵی کردووە و سێ گۆڵی دروستکردووە.
بە درێسی هەڵبژاردەی جەزائیریش بەشداری یارییەکی کردووە و هەروەها یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی جەزائیری ژێر 20 ساڵان کردووە و گۆڵێکی کردووە.
هاوکات تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی نەورۆز لەگەڵ ئۆگنیەن مرزیک، بەرگریکاری سڕبی گەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی، یاریزانەکە دووشەممە 4ـی ئابی 2025 دەگاتە سلێمانی و گرێبەستەکەی لەگەڵ نەورۆز واژۆ دەکات.